فراكسیۆنی یەكگرتو داوا دەكات حكومەت پەردە لەسەر قەرزەكان و چۆنیەتی خەرجكردنیان لابدات
  2020-05-23       190       

فراكسیۆنی یەكگرتو لە پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات حكومەتی هەرێم پەردە لەسەر قەرزەكان و لایەنی لێوەرگیراو و ماوەی قەرزەكان و چۆنێتی خەرجكردنیان لابدات.

ئاوێنە: فراكسیۆنی یەكگرتو، ئەمڕۆ شەممە، لە یاداشتێكدا  كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی كردوە، رایگەیاند: چەند ساڵێكە داوای ئاشكراكردنی وردەكاری قەرزەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمەوە پشتڕاست كرابێتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نە لای پەرلەمانی كوردستان و نە لای هاوڵاتیان رون نیە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتاری رۆژی 22 - 5 - 2020دا ئاشكرایكرد كە هەرێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزدارە، لەكاتێكدا راپۆرتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم و كۆمپانیای وردبینی دیلۆیت دەسكەوتنی دەیان ملیار دۆلاری فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەخەنەڕو هەروەها حكومەتی فیدراڵی عیراقیش رایگەیاند كە دەیان ملیار دۆلاریان بۆ هەرێمی كوردستان ناردوە، لەساڵانی رابردودا ئەمە جگە لەداهاتە جۆراوجۆرەكانی دیكەی هەرێم.

فراكسیۆنی یەكگرتو وتوشیەتی"بەپێویستی دەزانین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەردە لەسەر قەرزەكان و لایەنی لێوەرگیراو و ماوەی قەرزەكان و چۆنێتی خەرجكردنی لابدات، بەتایبەت لەسەروبەندی رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدرالی عیراقدا كە هیوادارین شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی لێبكەوێتەوەو شەفافیەت و هەندێك سەقامگیری بۆ بژێوی هاونیشتیمانیان بگێڕێتەوە."

ده‌قی یاداشتەكە...

بۆبەرێز.. سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
بابەت / داواكاری

چەند ساڵێكە داوای ئاشكراكردنی وردەكاری قەرزەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمەوە پشتڕاست كرابێتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نە لای پەرلەمانی كوردستان و نە لای هاوڵاتیان رون نیە، بەتایبەت كاتێك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتاری رۆژی 22 - 5 - 2020دا ئاشكرایكرد كە هەرێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزدارە، لەكاتێكدا راپۆرتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم و كۆمپانیای وردبینی دیلۆیت دەسكەوتنی دەیان ملیار دۆلاری فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەخەنەڕو هەروەها حكومەتی فیدراڵی عیراقیش رایگەیاند كە دەیان ملیار دۆلاریان بۆ هەرێمی كوردستان ناردوە، لەساڵانی رابردودا ئەمە جگە لەداهاتە جۆراوجۆرەكانی دیكەی هەرێم، بۆیە بەپێویستی دەزانین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەردە لەسەر قەرزەكان و لایەنی لێوەرگیراو و ماوەی قەرزەكان و چۆنێتی خەرجكردنی لابدات، بەتایبەت لەسەروبەندی رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدرالی عیراقدا كە هیوادارین شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی لێبكەوێتەوەو شەفافیەت و هەندێك سەقامگیری بۆ بژێوی هاونیشتیمانیان بگێڕێتەوە.

فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان
لە پەرلەمانی كوردستان
23-5-2020

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×