وەزیری تەندروستی: هەرێمی كوردستان لە هەڵكشانی دوەمی كۆرۆنادایە
  2020-05-23       476       

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە قۆناغی دوەمی هەڵكشانی كۆرۆنادایەو لەسەدا 8ی توشبوانی هەرێم، سەرچاوەی توشبونیان دیار نییەو ئەمەش مەترسیدارە.

ئاوێنە: د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە، چارەسەركردن لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا بەردەوام دەبێت و لە دیدگای حكومەتی هەرێمەوە تەندروستی هاوڵاتیان لە هەمو شتێك گرنگترە، بۆیە درێژە بە رێكارەكان دەدرێت.

رونیكردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی یەكەمین رێكاری لە 23ی كانونی دوەمی ئەمساڵ دەستپێكرد، كە لە چین 17 حاڵەتی مردن هەبو، دواتر قۆناغ بە قۆناغ رێكاری پێویست گیرایەبەر، تا ئەمڕۆ بەردەوامین و لەو ماوەیە 386 حاڵەتی چارەسەركراومان هەیە، 476 حاڵەت بە گشتی تۆمار كراون و 5 حاڵەتی مردن هەبوە و 85 حاڵەتی نوێ تۆمار كراون.

سەبارەت بە هۆكاری پەرەسەندنی حاڵەتەكانی توشبون، وەزیری تەندروستی وتی "ئەوەی ئێستا هەیە، بەردەوامی شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنایە، لە هەڵكشانی دوەمی پەتاكەداین، بەڵام خۆشبەختانە هێشتا لە كۆنترۆڵ دەرنەچوە. هەڵكشانی یەكەم لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵ رویدا. ئەم توشبونانەی ئێستا هەن، دەكرێت بە هەڵكشانی دوەم ناوی بەرین. ترسناكییەكەی لەوەدایە، لە عێراق حاڵەتی زۆر تۆماركراون. لە وڵاتانی دەوروبەریشمان و ئەوروپاش هێشتا ژمارەی توشبوان بەرزە. ئەوانەی دەگەڕێنەوە دەبێت كەرەنتینە بكرێن".

وەزیری تەندروستی وتیشی "ئاماژەكان ئەوە دەگەیەنن ڤایرۆسەكە لە كۆمەڵگەدا هەیە. رێكخراوە جیهانییەكان رونیانكردوەتەوە، هەندێك هاوڵاتی توشبون بە بێ ئەوەی سەرچاوەی توشبونیان دیار بێت. بۆیە مەترسیدارە، پێویستە رێككارەكانی خۆپارێزی بە جدی وەرگرن".

رونیشی كردەوە"لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا رێژەی مردن %1ەو ئەمەش كەمترین رێژەی مردنە. رێژەی بڵاوبونەوە، %1.6، تەنیا لە %8ی حاڵەتەكان سەرچاوەیان نادیارە، %98ی حاڵەتەكانی توشبون بە هۆی بەركەوتنەوە بوه."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×