دوایین ئاماری ئەمڕۆی توشبون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان
  2020-05-24       996       

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 20 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا لە هەرێم تۆماركراون كە 10 حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر و 10 حاڵەتەكەی دیكەش لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو یەكشەممە، لە راگەیەندراوی ژمارە 90ی خۆیدا، ئاشكرایكرد: لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردودا؛ (١٢٩٨) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (٣٧٩) هەولێر، (٣٧٦) سلێمانی، (٥٤٠) دهۆك، (٣) ڕاپەڕین و دەرەنجام (٢٠) توشبوی نوێ تۆمار کران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە 10 توشبویان لە پارێزگای هەولێرن كە پێكدێن لە: (٤) ئافرەت تەمەنیان (٦٩)، (٥٩)، (٥٧)، (٣٨) ساڵ، (٤) پیاو تەمەنیان (٦٩)، (٥٠)، (٣٩)، (٢٩) ساڵ، (٢) منداڵ تەمەنیان (٩)، (٥) ساڵ كە چوار توشبویان بەرکەوتو و خانەوادەی توشبوەکەی دوێنێی شاری هەولێرن و چوار توشبوی دیكەیان نیشانەی نەخۆشیان ھەیە و دو توشبوەکەیتر پاسەوانن لە پارێزگای بەغدا گەڕاونەتەوە و توشبوەكان دانیشتوی ناحیەی عەنکاوە، کۆمەڵگای تۆپزاوە و گەڕەکەکانی سەفین و گوڵان و فەرمانبەرانن لە شاری هەولێر.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، 10 توشبوەكەی دیكە لە پارێزگای سلێمانین كە پێكدێن لە: (٤) ئافرەت تەمەنیان (٦٣)، (٥٧)، (٤٢)، (٣٧) ساڵ، (٦) پیاو تەمەنیان (٦٨)، (٦٠)، (٤٧)، (٣٢)، (٢٩)، (٢٦) ساڵ، حەوت لە توشبوەكان بەرکەوتوی توشبوانی پێشون و دو لە توشبوەكان نیشانەیان ھەیەو توشبویەکیان دانیشتوی ناحیەی حاجی ئاوایەو نۆ توشبوەکەی تر دانیشتوی ناو شاری سلێمانین.

وەزارەتی تەندروستی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بەوەش کۆی گشتی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (٤٩٦) توشبو، لەنێویاندا (٥) مردن هەیەو (٤٠٣) نەخۆش چاکبوەتەوەو ئێستاش تەنها (٨٨) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو كە کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دراون لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (٦٧٥٦٤) پشکنین بوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×