چەند پێگەیەکی داعش لە پارێزگای ئەنبار لە نێوبردران
  2020-05-26       551       

هێزە ئەمنییەکانی عێراق سێ ئۆتۆمبێلی داعشیان تێکشکاند و چەند پێگەیەکی رێکخراوەکەیشیان لە بیابانەکانی روتبە لە پارێزگای ئەنبار، خاپوورکرد.

ئاوێنه‌: بەپێی راگەیەنراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە سوپای عێراق، هێزێکی کۆماندۆ چەند پێگەیەکی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان لە بیابانەکانی روتبە خاپوورکردووه‌.

هه‌روه‌ها لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و بڕێک تەقەمەنی و کەلوپەل و پێداویستی تیرۆریستاندا.

هه‌ر بەپێی راگەیەنراوه‌کە، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئۆپەراسیۆنێكی دیکەی هێزەکانی کۆماندۆ دێت کە به‌ پشتیوانیی ئاسمانیی بۆسەر سێ ئۆتۆمبێلی تیرۆریستان ئەنجامیاندا و لە ئاکامدا هەر سێ ئۆتۆمبێلەکە تێکشکێنرا.

ئاماژە بەوەشدراوە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە دۆشکەیەکی جۆری ١٤،٥ ملمی لەسەر بووە، بە ئاراستەی فڕۆکەکان تەقەی کردووە و بەوهۆیە یەکێک لە فڕۆکەکان بە سووکی کراوەتە ئامانج.

ئەوەش روونکراوەتەوە، دوای ئۆپەراسیۆنەکە هەردوو فڕۆکەکە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە ئەو بنکەیەی کە لێی فڕیبوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×