وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەكاتەوە سێ ملیار دۆلار قه‌رزی لە سعودییە كردبێت
  2020-05-26       508       

وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی راستی و دروستیی هەواڵی قەرزكردنی سێ ملیار دۆلار لە وڵاتی سعودییە لەمیانی سەردانەكەی وەزیری دارایی بۆ شانشینی سعودیە ڕوونكردنەوەی داوە .

ئاوێنه‌: وەزارەتەكە لەبەیاننامەیەكیدا رایگەیاند، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە، كە باس لەوە دەكەن وەزارەتەكەیان سێ ملیار دۆلاری لە شانشینی سعودییە قەرز كردووە.

بەیاننامەكەدا جەختیكردووەتەوە، كە ئەو قسانە دوورن لەراستییەوە، بەڵام راشیگەیاندووە، ئەگەر باس قەبارەی ئەو پشتیوانییە بكەین، كە سعودییە لەڕێگای جێبەجێكردنی پرۆژەوە لە عێراقی دەكات و  ئەگەر بێت و سەرمایەی ئەو پرۆژانە كۆبكەینەوە رەنگە بگاتە ئەو ژمارەیە و زیاتریش .

هەروەك روونیكردووەتەوە، كە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی لەكاتی سەردانەكەیدا پەیامی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی بۆ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییەی گواستووەتەوە و تێیدا باس لە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوە .

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كە وەزیری دارایی لە سەردانەكەیدا چاوی بە ئەمیر عەبدولعەزیز بن سەلمان ئال سعوود  وەزیری وزە و میر فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود وەزیری دەرەوە و محەمەد جەدعان وەزیری دارایی و ماجید قەسەبی وەزیری بازرگانی كەوتووە .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×