سعودیە: لە رۆژی یەکشەممەوە مزگەوتەکان بە رووی نوێژخوێنانەدا دەکرێنەوە
  2020-05-26       562       

میدیاکانی  سعوودیە بڵاویانکردەوە کە لەچوارچێوەی سووککردنی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووە، مزگەوتەکان لەو وڵاتە بە رووی نوێژخوێناندا دەکرێنەوە کە ماوەی دوو مانگە داخراون.
 
ئاوێنه‌: لەوبارەوە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردەوە کە بڕیاردراوە لە ٣١ی ئەم مانگەوە تا ٢٠ی مانگی حوزەیرانی داهاتووە، مزگەوتەکان بە رووی نوێژخوێنانەدا بکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە هەڵپەساردنی ئەنجامدانی عەمرە و سەردانیکردنی مزگەوتی نەبەوی لە مەدینەى منەوەرە و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ دەرەوە بەردەوام دەبن، بەڵام  نوێژەکانی هەینی و بەکۆمەڵ لە مزگەوتی حەرام لە شاری مەککە بەپێی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی ئەنجام دەدەرێن.

ئاژانسی ناوبراو باسی لەوەشکرد کە لە رۆژی پێنجەشەممەی داھاتووە، رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیوەست قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، چالاکییە بازرگانی و ئابوورییەکان لە سعوودیە سووک دەکرێن.

لە ١٧ی ئاداری رابردوو، حکوومەتی سعوودیە لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، مزگەوتەکانی بەرووی نوێژخوێنانەدا لەو وڵاتە داخست.
 
تا ئێستا لە سعوودیە، ٧٤ هەزار و ٧٩٥ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کە ٣٩٩یان گیانیان لەدەستداوە و ٤٥ هەزار و ٦٦٨ی دیکەیش چاکبوونەتەوە..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×