راگەیەندراوێك له‌فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییه‌وه‌
  2020-05-26       536       
سەبارەت بەهەڵگرتنی پارێزبەندی له‌سه‌ر پەرلەمانتار سۆران عومەر، فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیی راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "ئێمە لەفیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەگەڵ بوونی عورفی پەرلەمانی داوادەكەین پەرلەمانی كوردستان بەرێكاری پەیڕەوی‌و بەدانیشتنێكی دیكە بڕیاری ژمارە (4)ی تایبەت بەهەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار (سۆران عومەر) هەڵبوەشێنێتەوە".


ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:


راگەیەندراوی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی
سەبارەت بەهەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار سۆران عومەر
پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنی ژمارە (4) بەرواری (7/5/2020) بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاری ژمارە (4)ی تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) دەركرد‌و بەنوسراوێك ئاڕاستەی دادگای تایبەتمەندی كردوە بەئامانجی گرتنەبەری رێكاری یاسای بەرامبەر پەرلەمانتاری ناوبراو.
لەدەرچوونی ئەم بڕیارەدا پاڵیشت بەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان‌و عورفی پەرلەمانی ئەم سەرنجانەی خۆمان دەخەینەڕوو:ـ
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان‌و بەپێی بڕگەكانی یەكەم‌و دووەمی ماددەی (47)، دانانی بەرنامە كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان، لە دەستەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە پێویستە بەر لە (48) كاتژمێر بەرنامەی كاری دانیشتنەكە رابگەیەندرێت، ئەم دەقە روونەو شیكردنەوەی جیاواز هەڵناگرێت، بەپێی بڕگەكانی دووەم‌و چوارەم لە ماددەی (18)، جێبەجێكردنی یاساو پەیڕەوی ناوخۆو بڕیارەكانی پەرلەمان لە ئەرك‌و دەستەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانە.
كاتێك بەرنامەی كاری دانشتنی ژمارەی (3) لە (6/5/2020) بەواژووی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڵاوكرایەوە هیچ بڕگەیەكی سەبارەت بە لادانی پارێزبەندی پەرلەمانتارانی تێیدا نەبوو، بەڵام كاتێك بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4) لە (7/5/2020) بەبێ واژووی سەرۆكی پەرلەمان راگەیەندرا، لێرەدا پێشێلی بڕگەی یەك لە ماددەی (16) ئەرك‌و دەستەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان‌و پێشێلی برگەی یەكەم‌و دووەم لە ماددەی (47)ی سیستمی كاری پەرلەمانی كوردستان كراوە.
دواتر جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكەی واژوو كردوە ئەمەش لەكاتێكدایە سەرۆكی پەرلەمان ئامادەیی هەیەو پێشێلی دەستەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانە، كە لە ماددەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆدا بە چواردە خاڵ رێكخراوەو نوێنەرایەتیكردنی پەرلەمان‌و قسەكردن بە ناوی دامەزراوەكەوە دەگەڕێتەوە بۆ كەسی یەكەم، بەڵام لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەم نوێنەرایەتییە كراوە، ئەمەش پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانە.
پرسی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لەرابردوو هەبووەو هەڵوەشاوەتەوە، وەك بڕیاری ژمارە (12) لەبەرواری (3/10/2002) پەرلەمانی كوردستان كەبڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (3) لە(6/11/1997) كەتێیدا هاتووە پەرلەمان رەزامەندی نیشاندا لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی یاسای بەرامبەر هەریەكە لەپەرلەمانتاران ( عەبدوڵا رەسوڵ عەلی، مستەفا سەید قادر) بەپێی ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەیان كراوە بەپێی ماددەی (1/406) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی (1969).
بۆیە ئێمە لە فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەسەر بنەمای ئەو خاڵە پەیڕەوییانە باسمانكردوە لەگەڵ بوونی عورفی پەرلەمانی داوادەكەین پەرلەمانی كوردستان بەرێكاری پەیڕەوی‌و بەدانیشتنێكی دیكە بڕیاری ژمارە (4)ی تایبەت بەهەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار (سۆران عومەر) هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش لەپێناو راستكردنەوەی ئەو هەڵە پەیڕەوییانەی كەلەڕووی شكڵی لە بڕیارەكەدا هەیەو لەهەمان كاتدا لەپێناو فەراهەمكردنی ژینگەی ئازادی كاری پەرلەمانتاری‌و باشتركردنی دۆخی سیاسی نێوان هێزە سیاسییەكان‌و سەرلەنوی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان.

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدنی
26/5/2020
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×