2020-05-26   646     
مستەفا قەرەسو
ئەندامێكی کۆنسەی بەڕێوبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان -کەجەکە- بهپێویستی دهزانێت كه پارتی دیموكراتی كوردستان ئاڵۆزییەکانی زینی وهرتێ درێژنەکاتەوە. ئهو دهڵێت، هێزەکانی پارتی هێشتا لهناوچهكه نەکشاونەتەوە.
ئاوێنه: مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەرایەتیی کەجەکە لهچاوپێكهوتنێكیدا لهگهڵ تەلەفزیۆنی "مەدیا هابەر" باسی لهڕوداوەکانی زینی وهرتێ كردو رایگهیاند، ئەو کێشەیە بەسیاسەتی تورکیا دروستبو، دەیەوێت تێکۆشانی ئازادیی کورد تەنگاو بکات و گەمارۆی بدات، هەوڵێکە بۆ چەوساندنەوەی پەکەکە، ئەمە خزمەت بەسیاسەتی دەوڵەتی تورک دەکات و پەیوەندیی بەبەرژەوەندیی و سیاسەتی پارتییەوە نییە، هەروەها هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی باشور، پێگە و ئازادییشەوە نییە."
وتیشی، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێت بچێتە هەموو شوێنێکەوە، بەڵام ناتوانێت بێتە ناو هەرێمەکانی گەریلا یان لەوێیەوە تێپەڕێت، داعش لەهەموو شوێنێک هێرش دەکات، بەڵام ناتوانێت نزیکی هەرێمەکانی گەریلا بێتەوە، بچن لە خەڵکی قەندیل بپرسن، هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەرەوە نییە، کێ بە هەڵە نزیکیان بێتەوە پەکەکە لێی دەپرسێتەوە، ئەو شوێنەی دەوڵەت ناناسێت و ژیانی ئازادیی تێدا دامەزراوە هەرێمەکانی گەریلان، گەریلا فشاریان ناخاتە سەر، ئاغاواتی بەسەریانەوە ناکات، گەل گلەییەکی لە گەریلا نییە، بەڵام بە ترسەوە لە پێشمەرگەکانی پارتی و یەکێتی نزیک دەبنەوە، خەڵک دەزانێت ئەگەر گەریلایەک بەرامبەریان هەڵەیەک بکات، فەرماندەکەی حەسابی لێی دەپرسێتەوە، بۆیە هاتنی پێشمەرگە بۆ ئێرە واتەیەکی نییە."
ئاماژهی بۆ ئهوهشكرد، "ڕامانگەیاند با هەموو کەس بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بۆ شەڕ لەنێوان کورد ڕووبدات؟ کورد دەتوانێت لەم شەڕەی سێیەمی جیهاندا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی خۆی سوود وەرگرێت، بۆ شەڕی یەکتر بکەن؟ لەم کاتەدا پێویستە کورد ببێتە یەک، لەم کاتەدا لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو کەسێک بیر لەوە دەکاتەوە کە بەشێک بۆخۆی هەڵگرێت و جێگەی خۆی قورس بکات، داخۆ ئێستا کاتی شەڕە؟ داخۆ شتێکی وەها دەبێت؟ ئەمە شتێکی زۆر هەڵەیە."
قەرەسو راشیگهیاند، "هێزەکانی پارتی هێشتا نەکشاونەتەوە، ڕو لەگەلی کوردو بەتایبەتی پارتی دەڵێم، درێژەدان بەو ئاڵۆزییە خراپە و ڕاست نییە، ئەگەر درێژە بەو ئاڵۆزییە بدرێت، لە شوێنێک کێشەیەک ڕوودەدات، بۆیە پێویستە بێ ئەوەی درێژەی پێی بدرێت ئاڵۆزییەکە کۆتایی پێبهێنرێت"