پەرلەمانتارێكی پارتی: چیتر ئەم دۆخە لە سەرۆكی پەرلەمان قبوڵ ناكرێت
  2020-05-27       3257       

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەگەڵ رەخنەگرتن لە وتارەكەی دوێنێی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئامادەنەبونی ناوبراویش بۆ بانگهێشتكردنی پەرلەمانتاران بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی پەرلەمان بە "پێشێلكاری پەیڕەویی" ناودەبات و دەشڵێت: ئەم دۆخە نەخوازراوە چیدیکە لە سەرۆكی پەرلەمان قبوڵ ناكرێ.

ئاوێنە: لیزا فەلەكەدین كاكەیی، لە وتارێكدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسوك، وێڕای رەخنەگرتن لە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان بەهۆی ئامادەنەبونی بۆ بانگهێشتكردنی پەرلەمانتاران بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوە، رەخنەیشی لە وتارەكەی دوێنێی رێواز فایەق گرتوە كە تێیدا ئاماژەی بەوەدا بو حكومەتی هەرێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزار نییە بەمانای قەرزی پشتبەستو بە یاسا. ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەت وتبوی: حكومەت 27 ملیار دۆلار قەرزارە.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی وتویەتی"لەدوای دانیشتنی حەوتی ئایار كە بە ئامادەبونی ٥۸ ئەندام پەرلەمان و لە چوارچێوەی هەمو بنەما پەیرەویی و یاساییەكانەوە بەڕێوەچو، پەرلەمان نەیتوانیوە لە دو هەفتەی پێشو بەگوێرەی پێویست بە ئەرکە یاساییەکانی خۆی هەڵسێت. هۆکارەکەشی بەهۆی لەدەستدانی بێلایەنی و وەرگرتنی هەڵوێستی حزبی بەرێز سەرۆكی پەرلەمانە کە بوە مایەی پێشێلکاری پەیڕەویی بەوەی ئامادەنەبو بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ دانیشتنی ژمارە پێنجی ئاسایی وەرزی بەهارە بۆ دەنگدان لەسەر (پێشنیازە بڕیاری درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی پێشنیازی بڕیار و یاسا) کەوا لەلایەن ئەندام پەرلەمانە بەرێزەکانەوە ئامادە کرابو."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتوشیەتی"هەڵبەت دیارە پاش تەواوبونی پشوی جەژن ئەم دۆخە نەخوازراوە چیدیکە لە سەرۆكی پەرلەمان قبوڵ ناكرێ و راستەوخۆ لەگەڵ دانیشتنی هەردو مەكتەب سیاسی پارتی و یەكێتی، دانیشتنەكانی پەرلەمانیش دەستپێدەكەنەوە."

سەبارەت بە پرسی قەرزەكانی حكومەتیش وتویەتی"لەئێستاشدا پرسی قەرزەکانی حکومەت پێویستی بە بەدواداچون هەیە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە بەتایبەتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیان ئامادەبکەن و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکەن. بەڵام وتارەکەی دوێنێی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان کەوا لە چوارچێوەی ئەو بۆچونەدا نوسرابو کە هەرێم هیچ قەرزێکی یاسایی نییە جێگەی سەرسوڕمان بو!!"

ئەوەشی خستۆتەڕو"دەمەوێت پرسیاری ئەوە لە بەرێزیان بکەم ئایا بە پشتبەستن بەکام راپۆرتی لیژنەو بەدواداچونی کام ئەندام پەرلەمان گەیشتونەتە ئەو رایەی کە حکومەت جگە لە قەرزی موچەخۆران و شایستە داراییەکانی بەڵێندەران هیچ قەرزێکی تری نییە؟؟"

پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختی كردۆتەوە"‏‎كاری پەرلەمان چاودێری و بەدواداچون و یاسادانانە نەك وتاری هەفتانە!! بەرێزیان ئەگەر هەر راپۆرت و بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدایە بۆ پشتراستکردنەوەی قسەکانی، دەبوایە پێش ئەوەی بابەتێکی هاوشێوە بنوسێت داوا لە لیژنە پەیوەندیدارەکان بکات کە بەدواداچون بۆ ئەم پرسە بکەن و دواتر لەرێگەی سازدانی دانیشتنێکی پەرلەمانی و باگهێشتکردنی حکومەت ئەنجامی راپۆرتەکە بۆ پەرلەمانتاران و بۆ هاوڵاتیانی هەرێم تاوتوێ بکەن."

لیزا فەلەكەدین كاكەیی كە ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابورییە پێشنیاری كردوە بۆ تەواو رونکردنەوەی بابەتی ۲۷ ملیار دۆلار قەرزی حکومەت، لیژنەکەیان کۆبونەوەی خۆی سازبکات و بریار لەسەر ئامادەکردنی راپۆرتی تایبەت بدات و دواتر بۆ خستنەڕو و تاوتوێکردنی دەرئەنجامەکان دانیشتنێکی پەرلەمانی بەپەلە سازبکرێت و هەریەک لە جێگری سەرۆکی حکومەت و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران کە هاوکات بەرپرسی فەرمانگەی قەرزەکانە لە ئەنجومەن هەروەها وەزیری دارایی و یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژە كە پێشتر لەكابینەی هەشتەم وەزیری دارایی بوە، بانگهێشتی دانیشتنەکە بکرێن.

وتوشیەتی"بەتایبەت ئامادەبونی بەرێزان قوباد تالەبانی و ئامانج رەحیم و رێباز حەملان گرنگی خۆی هەیە بەوەی کە لەکابینەی هەشت بەشداربونەو دەتوانن هاوکاری زیاتر بن لە پێدانی وردەکاری سەبارەت بە پرۆسەو رێکارەکانی قەرزەکانی پێشوتر."

هەروەها وتوشیەتی"‏‎چاوەرێی ئەوە دەکەم بەرێز سەرۆکی پەرلەمان بەدەم پێشنیارەکەمەوە بێت و دور لە هەمو بریارێکی حزبی و سیاسی بە کاری سەرۆکایەتی خۆی هەڵسێت و رێز لە گەورەترین پۆستی تەشریعی هەرێم بگرێت پێش ئەوەی بكەوێتە ژێر گوشاری زیاتری ئەندامانی پەرلەمان و فراكسیۆنە جاجیاكان. چونکە ئەم بابەتە رەهەندێکی دارایی و ئابوری هەیە و هاوڵاتیانی هەرێم مافی خۆیانە بەو پەڕی شەفافییەتەوە ئاگاداری واقعی ئەم رەهەندە بن کە پەیوەستە بە چارەنوسی هەمومانەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×