بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی: ئێمە لە حوكمڕانی شاری هەولێردا بەشدار نین
  2020-05-27       938       

رێبوار ئیسماعیل، بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە هەولێر، رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی حزبەكەی لیستی دوەمە لە پارێزگای هەولێر بەڵام بەشدارنین لە حوكمڕانی و ئیدارەدانی شارەكەداو ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو پرسەیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر تاوتوێ كردوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و وەفدێكی یاوەری سەردانی مەڵبەندی 3ی یەكێتییان لەشاری هەولێر كردو دوابەدوای كۆبونەوەی نێوانیان، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازدا. 

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی: دوای ئەم سەردانە، ئێمە سەردانی هەمو لایەنە سیاسییەكانی دیكەش دەكەین، بەرنامەی بۆ دانراوە. پێكەوە دەتوانین هەولێر ئاوەدانتر بكەین.

لای خۆیشییەوە رێبوار ئیسماعیل، بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی"ئێمە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر لە كۆبونەوەدا هەندێك شتمان تاوتوێ كرد. ئێمە وەك یەكێتی لیستی دوەمین لە پارێزگای هەولێر، بەڵام لە حوكمڕانی شارەكەدا بەشدارنین، ئەوەش لەبەر هەندێك هۆكار كە ئێستا قسەمان لەسەر كردن بۆ ئەوەی هەوڵبدەین ئەو هۆكارانە بەلاوە بنێین و سیستمێكی تازە لە حوكمڕانی لە هەولێر بێتە كایەوە."

ئەوەشی خستەڕو"ئومێد دەكەین جەنابی پارێزگار كە هاتوە لاپەڕەیەكی تازە بكرێتەوە لە حوكمڕانی و ئیدارەدانی هەولێر، رەنگە ئەمەش پەیوەندی بە كۆمەڵێك پرسی ترەوە هەبێت كە ئومێد دەكەین لە داهاتو ئەمانە هەموی تاوتوێ بكرێت و قسەی لەسەر بكرێت."

بەرپرسی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی پەیوەست بە كۆبونەوەی هەردو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی وتی"بڕیارە كۆبونەوە بكرێت، بەڵام كات و شوێنەكەی رەنگە لەماوەی داهاتو گفتوگۆی لەسەر بكرێت و دیاری بكرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×