سلێمانی..لەسەر رەماش لێدان گەنجێك دەكوژرێت
  2020-05-27       1878       

درەنگانی شەوی رابردو لەسەر رەماشلێدان گەنجێکى تەمەن (20) ساڵ دەکوژرێت و تائێستاش تۆمەتبارانی روداوەكە دەستگیرنەکراون، بەڵام پۆلیس رایدەگەیەنێت کە لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپێکردوە بۆ دەستگیرکردنى تۆمەتباران.

ئاوێنە: سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى سلێمانى لەبارەى روداوەکەوە بە (سبەى) راگەیاند: دواى ئەوەى ژمارەیەک گەنج بۆ کاتبەسەربردن تا درەنگانێکى شەوى رابردو لە دەباشان ماونەتەوە، لەکاتى رۆشتنەوەیان ئۆتۆمبێلێکى جۆرى تۆیۆتا لاندکرۆزەر دەستدەشکێنێتەوە سەر ئۆتۆمبێلى ئەو گەنجانەو ئەوانیش چەند رەماشێکى بۆ لێدەدەن.

دەشڵێت: دواتر دەبێتە دەمەقاڵێیان و لەناو ئۆتۆمبێلە لاندکرۆزەرەکەوە تەقە دەکرێت، بەوهۆیەوە یەکێک لە گەنجەکان فیشەکێکى بەردەکەوێت و تا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

لەبارەى دەستگیرکردنى تۆمەتبارى روداوەکەوە، وتەبێژى پۆلیس دەڵێت"بنکەى پۆلیسى ئەزمڕ زانیارى تەواویان لەبەردەستدایەو لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە."

بەپێى زانیاریەکان ئەو گەنجەى لەو روداوەدا کوژراوە تەمەنى (20) ساڵەو دانیشتوى گەڕەکى قولەرەیسى شارى سلێمانییە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×