روستی: شوێنە گەشتیارییەکان بەڕوی ھاوڵاتییان و گەشتیاراندا دەکرێنەوە
  2020-05-27       714       
وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار لە هه‌رێمی كوردستانی عێراق رایگەیاند، ”یەکێک لە زەرەرمەندترین کەرتەکان لەسەر ئاستی جیھان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، کەرتی گەشتیاریی بووە، چونکە پێش ھەموو شتێک شوێنە گەشتیارییەکان داخران و دوا شوێنیش دەبن کە دەکرێنەوە، وەک دەبینین کارگەکان و کێڵگەکان کەوتوونەتەوە سەرکار و کەرتی بازرگانییش ھەروەک خۆی بوو، تاکە کەرت کە زیانی پێگەیشتووبێت، کەرتی گەشتیارییە”.
 
ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار لەبارەی ئاساییبوونەوەی دۆخی گەشتوگوزار رایگەیاند، ”ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، قەدەغەکردنی ھاتوچۆکردن کۆتایی پێ دێت و دۆخەکە وەک پێش جەژن ئاسایی دەبێتەوە و شوێنە گەشتیارییەکان بەڕووی ھاووڵاتییان و گەشتیاراندا دەکرێنەوە، ھیواداریشین سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان و ھاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی بن، چونکە مەترسی کۆرۆنا بەردەوامە”.

هاوکات وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له‌باره‌ هاتنی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو وتی، ”لە ساڵی  رابردوو، سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لە پلانماندا ھەبوو، ئەمساڵ رێژەکە بەرزبکەینەوە بۆ چوار ملیۆن گەشتیار، بەڵام ئێستا داتایەکی وا نییە کە بزانین ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران چۆن بووە، بەڵام دەتوانین نموونەیەک وەرگرین و بڵێین کە لە میانی نەورۆزی ساڵی رابردوودا، ٢٤٩ ھەزار گەشتیار هاتنه‌ هه‌رێمی كوردستان، بەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵدا، رێژەکە سفر بوو”.

روستی له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان وتی، ”ئێمە ناتوانین قەرەبوویان بکەینەوە، چونکە تەنها شوێنەکان زیانیان بەرنەکەوتووە بەڵکو دەیان خێزان و ھاووڵاتی و تەنانەت حکوومەتیش زیانی بەرکەوتووە، ئەمە پێویستی بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە، بەڵام پێشبینی ناکەم قەرەبوو ھەبێت، چونکە حکوومەت بۆخۆی لە قەیراندایە”.

وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له‌باره‌ی ژماره‌ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان لە هه‌رێمی كوردستان وتی، ”لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ ھەزار شوێن ھەیە، له‌و ژماره‌یه‌ش ٦٢٥ ھۆتێل، زیاتر لە ٣٦٠ مۆتێل، ھەزار و ٨٥٣ رێستورانت، ٨٠ گوند و کۆمەڵگای گەشتیاریی و زیاتر لە ٢٠٠ ناوچەی سرووشتییش ھەیە، بەکۆی گشتیی نزیکەی سێ ھەزار و ٢٠٠ شوێن ھەیە لە ھەرێمی کوردستان”.

نادر روستی سه‌باره‌ت به‌ پلانی داهاتووی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار وتی، ”بەردەوام لە کۆبوونەوەداین، سەرقاڵی ئەوەین کە بتوانین چۆن کەرتی گەشتیاریی ببووژێنینه‌وه‌، یەکێک له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی پلانه‌كه‌مان بوژانەوەی گوند و لادێیەکانه‌، خەڵکێکی زۆر حەزی لە سروشت و گوندەکانە و دەمانەوێت لە رێگای کەرتی گەشتیارییەوە گوندەکان ببووژێنینەوە”.

وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار لە هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ پلانی چوار ساڵه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كه‌ مانگی رابردوو راگه‌یەنرا، زۆرترین پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریی هه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاریی زیاتر په‌ره‌ی پێ بدرێت و وتی، ”دەستەی وەبەرھێنان زیاتر لە ھەزار و ٥٠ پڕۆژەی راگەیاند کە تیایدا ٢٢٧ پڕۆژە پڕۆژەی گەشتیاریی بوو، دووەم كەرت بوو کە زۆرترین پڕۆژەی ھەبوو لە ھەرێمی کوردستان و ئەگەر بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی ئەوا کەرتی گەشتیاریی زووتر دەکەوێتەوە سەرپێ”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×