پەرلەمانتارێکی ئێران: ٣٠ ملیار دۆلارمان بۆ شەڕی سووریا خەرجکردووە
  2020-05-30       560       

پەرلەمانتارێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران رەخنە لە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر بە خەرجییەکانی بۆ رژێمی سووریا دەگرێت و رادەگەیەنێت، “ئەو پارانەی بۆ سووریا خەرجمانکردووە پێویستە لە حکوومەتی ئەو وڵاتە وەریگرینەوە. پارەی وڵاتەکەمان بۆ ئەوێ رۆشتووە، دەبێت ئەسەد ئەو بڕە پارەیەی کە لە خەزێنەی ئێمەوە چووەتە سەر خەزێنەی ئەو دووبارە بیگەڕێنیتەوە”.


ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکیدا حیشمەتوڵا فەلاحەتپیشە، پەرلەمانتاری ئەنجوومەی نوێنەرانی ئێران رەخنەی لە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر بە سووریا گرت و کاردانەوەی پیشاندا بەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ پاراستنی رژێمەکەی سووریا لەلایەن ئێرانەوە بەکارهاتووه‌.

هاوکات فەلاحەتپیشە وتی، “لەپێناو راگرتنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات ٢٠ بۆ ٣ ملیار دۆلارمان خەرجکردووە. ئەمە لەکاتێکدایە چواردەومان بە سەپاندنی سزای ئابوورییەوە ئابلوقە دراوە. دووبارەی دەکەمەوە لەوانەیە ٢٠ تا ٣٠ ملیار دۆلارمان دابێتە سووریا”.

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران وتیشی، “پیویستە سەرجەم ئەو پارانەی خەرجمانکردووە دووبارە وەریگرینەوە. پارەی ئەم وڵاتە چووەتە سەر حسابی سووریا. لە شەڕی ٩ ساڵەی سووریا ئێران هاوپەیمانێکی زۆر گرنگی رژێمی سووریا بوو. تێچووی زۆرێک لە کردەوەی سەربازی بە کەلوپەلە سەربازییەکان و چەکەکانییەوە لەلایەن ئێرانەوە دراوە. لەئێستادا پێویستە سووریا سەرجەم ئەم خەرجییانە بگەڕێنێتەوە”.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×