دارایی عێراق: چیتر هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نانێرین تا بەغداو هەولێر نەگەنە رێككەوتن
  2020-05-31       1653       

وەزارەتی دارایی عێراق رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە ناردنی 400 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو دەشڵێت: چیتر هیچ بڕە پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرن تا ئەو كاتەی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم دەگەنە رێككەوتنێكی گشتگیرو كۆتایی.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە: بەم دواییانە چەند دەزگایەكی راگەیاندن هەواڵی چەواشەكارانەیان سەبارەت بە میكانیزمی خەرجكردنی 400 ملیار دینار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەسەر پابەندبون بە یاساكان و كاركردن بە فەرمانەكانی خەرجكردن كردۆتەوەو رایگەیاندوە: ئەو بڕە پارەیە لەسەر حسابی پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هەژماركراوەو لەنێویدا موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی نیسان و بەپێی رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای نوسراوی ژمارەی 802 لە 19/05/2020 كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی نوێنەرانی حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی حوزەیران دەچنە نێو گفتوگۆو كۆبونەوەی چڕ بە مەبەستی رێككەوتنی كۆتایی نێوانیان بەپشتبەستن بە یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ.

جەختیشی كردۆتەوە كە نوسراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی داهاتوی هەرێم پەیوەستە بە گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی نوسراوەكە.

وەزارەتی دارایی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو نوسراوەیدا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر نوسراوێكی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆیە 400 ملیار دینارەكە خەرجكراوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە هیچ بڕە پارەیەكی نوێ بۆ هەرێم خەرج ناكرێت بەر لە گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و گشتگیر لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×