‎تەندروستی گەرمیان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان دەکا
  2020-05-31       737       

فەرمانبەرانی گرێبەستی كەرتی تەندروستی لە گەرمیان دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە دواكەوتنی موچەكەیان دەربڕی دەڵێن: تەندروستی گەرمیان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانیانی كردوە.

ئاوێنە: ئاراز محەمەد: بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، فەرمانبەرانی گرێبەست لەکەرتی تەندروستی سنوری قەزایی کەلار گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا. 

هۆکاری گردبونەوەکەش پێنەدانی موچەکانیانە بۆ ماوەی چوار مانگ، واتە ئەمساڵ تەنها موچەی مانگی یەکیان وەرگرتوە.

 لەوبارەیەوە یەکێک لەفەرمانبەرە گرێبەستەکان کە ناوەکەی لای ئاوێنە پارێزراوە وتی"ئێمە تەنها موچەی مانگی یەکمان وەرگرتوە."

ئەوەشی خستەڕو"ئەمڕۆ گردبونەوەیەکمان ئەنجامداو داوامانکرد مافی خۆمانمان پێبدرێت."

بەپێی قسەی ئەو فەرمانبەرە"دواتر بەڕێوبەری گشتی تەندروستی (دکتۆر سیروان محەمەد) لەڕێگەی سەرۆک بەشەکانەوە هەڕەشەی لێکردین."

وتیشی"ئێمە لەڕێگەی مەسجەوە ئاگادارکراینەوە کەوا داوای ناوی گرێبەستەکان کراوە بەمەبەستی (ئیجرات) واتە دەیانەوێت عەقدەکانمان هەڵوەشێننەوە"ٚ

فەرمانبەرەکە وتیشی"ئێمە تەنها داوای مافی خۆمانمان کردوە و ئەگەریش موچەمان پێنەدرێت ئەوە هەموان پێکەوە ماندەگرین". 

لەسنوری تەندروستی گەرمیان زیاتر لە (۲۰۰) فەرمانبەری گرێبەست هەیە کە هەمویان تەنها موچەی مانگی یەکی ئەمساڵیان وەرگرتوە. 

لەوبارەیەوە ئاوێنە پەیوەندی بە دکتۆر سیروان محەمەد بەڕێوبەری تەندروستی گەرمیانەوەکرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی نەبو.‎

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×