گەنجێک بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت بە چەقۆ کوژرا
  2020-06-01       1653       

لە ئەنقەرە گەنجێکی کورد، بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت، بە چەقۆ کوژرا.

ئاوێنه‌: شەوی ڕابردوو لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا گەنجێکی کورد، بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت، بە چەقۆ کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مەزۆپۆتامیا، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی بارش چاکان کە خەڵکی ناوچەی پاتنۆسی ئاگریبوو گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، بەڵام کاتژمیر ٢٢:٣٠ شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئالسانجاکی ناوچەی ئەتیمەسگوتی شاری ئەنقەرە هێرش کرایە سەری و چەقۆیەکیان لەدڵیدا و کوشتیان.

بەوتەی کەسوکاری گەنجە کوژراوەکە، بارش چاکان لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی سەردانی هاوڕێکانی لە پارکی گەل بکات، بەڵام لە ڕێگادا بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، لە لایەن سێ کەسەوە هێرشی کراوەتە سەر.

باسی ئەوەش دەکرێت ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر بارش چاکان خەڵکی شارەکانی یۆزگات، کرککالە و تۆکاتن، لەبارەی ناو و ناونیشانی هێرشبەران هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا بارش چاکان، لە شوێنی ڕووداوەکە گیانلەدەستدەدات، هەرسێ هێرشبەرەکە دوای ڕووداوەکە دەستگیرکراون.

دۆغان چاکان، ئامۆزای گەنجە کوژراوەکە ڕایگەیاند، تەرمی ئامۆزاکەی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و ئەمڕۆ بەخاکدەسپێردرێت، هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە جارێکیتریش لەبەرئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتبوو، بارش چاکان ڕووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی ببووە.

کوژرانی ئەو گەنجە ناڕەزایی لێکەوتووەتە و لە ئێستادا هەڵمەتی ئیدانەکردنی ئەو کارە لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا لەلایەن خەڵک و چالاکوانانەوە بەڕێوەدەچێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×