''لە 10 ڕۆژ دەبێت هیچ تیمێکی تەندروستی تایبەت بە ڕوبەروبونەوەی کۆرۆنا لە دەروازەی باشماخ نەماوە''
  2020-06-01       789       
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخ، ئاشکرایکرد، زیاتر لە 10 ڕۆژ دەبێت هیچ تیمێکی تەندروستی تایبەت بە ڕووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا لە دەروازەکەمان نییە، هۆکارەکەشی کێشەیەک بووە لەنێوان نەخۆشخانەی پێنجوێن و نەخۆشخانەی شیرەکەی سلێمانی.

لیوا مەریوان شێخ کەمال وتی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخ، "زیاتر لە 10 ڕۆژە لە دەروازەی باشماخ تیمی تەندروستی کشاونەتەوە و هیچ تیمێکی تەندروستی لێنییە، کە شوێنێکی هەستیارە و بە بەردەوامی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران تێدا دەکرێت".

وتیشی، زیاتر لە پێنج جار لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرو خۆیان و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیان ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت دەروازەکە بێ تیمی تەندروستی بێت و لە هەموو جارێکدا وتویانە "بەسەرچاو" بەڵام جێبەجێیان نەکردووە.  

بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ دەڵێت، "لە ماوەی پێشوودا بەهۆی کێشەیەک کە لەنێوان نەخۆشخانەی پێنجوێن و نەخۆشخانەی شیرەکەی سلێمانی دروستبووە، تیمی تەندروستیی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە پشکنینی پلەی گەرمییان بۆ شۆفێرە ئێرانییەکان شۆفێرەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکردن لە دەروازەی باشماخ کشاونەتەوە و لەوکاتەوە هیچ پشکنینێک بۆ شۆفێرەکان ناکرێت".
  
دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی 51 کەسی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا COVID-19 لە قەزای پێنجوێن راگەیاند، کە ئەمە زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە ناوەندی قەزایەکی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت لەسەرەتای تۆمژارکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×