ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:
نمرە بڕیار بۆ قوتابیانی قۆناغی 4ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لە 5 نمرەوە دەبێتە 10
نمرە.
ئاوێنە: ئالان
حەمەسەعید، ئەمڕۆ دوشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی ئەزمونەكانی وەزارەت، بە نوسراوێكی فەرمی كە ئاڕاستەی ھەمو بەڕێوەبەرایەتییە
گشتییەكانی پەروەردەی دەكات، وردەكاریی ڕێنماییەكان كە ئەنجومەنی وەزارەت
پەسەندی كردون لەسەر فەرمانە وەزارییەكانمان دەردەچوێنێت.
ئەوەشی
خستۆتەڕو: بۆ ئەوەی وردەكاریی ڕێنماییەكانتان لێ ئاڵۆز نەبێت، لەبەرئەوەی
بەشی زۆری پەیوەندی بە قوتابخانەكانەوە ھەیە، ئەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی
بە قوتابخانەكانەوە ھەیە، وردەكارییەكەی ئەوان جێبەجێی دەكەن.
وتوشیەتی: ئەو
٣ خاڵەشی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە قوتابییانەوە ھەیە كە لە گشتاندنەكەدا
ھاتوە، لێرەدا دەیاننوسم، بریتین لە:
١- نمرەی بڕیار بۆ قۆناغی ٤ی بنەڕەتی
تا ١١ی ئامادەیی لە ٥ نمرەوە دەبێتە ١٠ نمرە.
٢- قوتابیان و خوێندكارانی قۆناغی ١٢ی
ئامادەیی كە مافی بەشداربونیان بۆ تاقیكردنەوەی وەزاری وەرنەگرتوە:
أ- تەنیا لەو
وانانە تاقیكردنەوە دەكەن، كە لە وەرزی یەكەم تێیاندا دەرنەچونە. تاقیكردنەوەكانیشیان
لە مەنھەجی وەرزی دوەم دەبێت و تەنیا لەو بابەتانەدا دەبێت كە پێشتر وەزارەت
ڕایگەیاندوە.
ب- لە پاش تاقیكردنەوەی
وەرزی دوەمیش، ھەر دەتوانن لە ١٠ نمرەی بڕیار سودمەندبن.
٣- وانەی پەڕینەوە (عبور)، وەك ساڵانی
ڕابردو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.