هاوسەرۆكی كەجەكە: توركیا دەیەوێت باشوری كوردستان بكاتە ویلایەتێكی خۆی
  2020-06-01       1049       

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) رایگەیاند: توركیا دەیەوێت باشوری كوردستان بكاتە ویلایەتێكی داگیركراوی خۆی و تا ئاستێكیش ئەو مەبەستەی بەدیهێناوە. دەشڵێت: ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی مەیدانەکانی گەریلا دەکەنە ئامانج لە باشورەوە هەڵدەستن، زۆرێک لە بازگەکانی پارتی کە نزیکن لە مەیدانەکانی گەریلا، ئەندامانی میت و ئەفسەرە تایبەتەکانی تورکیای لێن.

ئاوێنە: بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرات، رایگەیاند: تورکیا هەوڵدەدات باشور بە تەواوەتی بکاتە ویلایەتێکی داگیرکراوی خۆی و تا ئاستێکیش ئەو خواستەی سەرخستوە.

وتیشی"زیاتر لە ٢٠ بارەگای سەربازیی دەوڵەتی تورک لە باشور هەیە، هەروەها دەیان ناوەندی میتی لێیەو لەهەر ئاستێکدا کارەکانی بە بەرفراوانی بەڕێوەدەبات و سەربەستانە دەجوڵێتەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی مەیدانەکانی گەریلا دەکەنە ئامانج لە باشورەوە هەڵدەستن، شوێنی تایبەتیان بۆ دروستکراوە، زۆرێک لە بازگەکانی پارتی (پەدەکە) کە نزیکن لە مەیدانەکانی گەریلا، ئەندامانی میت و ئەفسەرە تایبەتەکانی تورکی لێن، ڕاستی ئەمەیە کە باشور لەژێر داگیرکاریی تورکدایە."

هۆزات لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: جێگیرکردنی پێشمەرگەکانی پارتی لە زینی ئەستێرۆکان، پەیوەندی بە گەمارۆدان و هێرشەکانی قەندیلەوە هەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت پارتی دژی پەکەکە شەڕ بکات و چالاکانە بەشداریی پاکتاوکردنی پەکەکە بێت، پشتیوانییە سیخوڕییەکان و هاوکارییە لۆجستییەکانی پارتی بە تێرکەر نابینێت.

هۆزات وتیشی: پێویستە پارتی و کاربەدەستانی باشور نەبنە بەشێک لە هێرشە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورکیا، پارتی ناتوانێت ئەمە بۆ گەل ڕون بکاتەوە، وڵاتپارێزیی گەلەکەمان پێشکەوتوە، تێدەگات چی نەزانییە، چی خیانەتەو چی وڵاتپارێزییە، هیچ پارتێکی کوردی ناتوانێت بەهێزی دوژمن سیاسەت بکات و لەسەرپێی بمێنێتەوە، گەل ئەو پارتە لە گۆڕ دەنێت، گەلەکەمان لە چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە توڕەییەکی گەورەوە ناڕەزایەتیی بەرامبەر خۆسەپاندن لە زینی ئەستێرۆکان نیشاندا.

هاوسەرۆکی کەجەکە لەسەر گەمارۆی سەر کەمپی مەخموریش وتی: گەمارۆی سەر کەمپی مەخمور بە خواستی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەڕیوەدەبرێت، خەڵکی مەخمور بەهۆی ئەوەی دژی دەوڵەتی تورک تێکۆشانی ئازادی و ئیرادە بەڕێوەدەبات، چونکە سەری دانەنواندوە سزادەدرێن، هەوڵدەدەن گەلەکەمان ڕادەست بکەن و بڵاوە بە کەمپەکە بکەن، خەڵکی بە ئیرادە و بەشکۆی کامپەکەش ئەمە قبوڵ ناکەن، لە برسان و لە نەخۆشیدا بمرن دەست لە ژیانی بەشکۆ هەڵناگرن، گەمارۆی سەر کەمپەکە لە ئەنجامی پەیوەندییەکانی پارتی و دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوەدەبرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×