عەبدولستار مەجید: کەرەنتین و مانەوە لەماڵ بەسکی برسی و گیرفانی بەتاڵ ناکرێ
  2020-06-02       4752       

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت: كەرەنتین و مانەوە لەماڵ بەسكی برسی و گیرفانی بەتاڵ ناكرێت و پێشی وایە تەنها دو رێگە هەن بۆ چارەسەری ئەم دۆخەو رێگری لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا.

ئاوێنە:عەبدولستار مەجید، ئەمشەو دوشەممە، لە نوسینێكدا لە ژێر ناوی "کەرەنتین و مانەوە لەماڵ بەسکی برسی و گیرفانی بەتاڵ ناکرێ"، وتویەتی"بەڕاستی ئەم دەسەڵاتە هەر بڕیارێک دەدات لەبری ئەوەی لە سودی خەڵک بێت، کەچی وا دەردەکەوێت دژبە بەرژەوەندی و بارگرانی بێت بۆسەر شانی خەڵک."

ئەوەشی خستۆتەڕو"قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش ڕۆژ چی سودێکی هەیە؟ ئەی دوای ئەوە چی؟ لە مانگی شوباتەوە هەر خەڵک دەکەنە ژورەوە بەبێ ئەوەی هیچ پلان و هەنگاوێکی دیکە هەبێ بۆ ڕێگرتن لە نەخۆشییەکەو تەشەنەسەندنی."

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتوشیەتی"قەدەغەی هاتوچۆ چارەسەری ئەم دۆخە ناکات کە خۆی لەخۆیدا گوزەران و ژیان و برسێتی و بێکاری، خەڵکی کوردستانی گەیاندۆتە ئاستێک هیچی بەلاوە گرنگ نییه‌و ئەم دەسەڵاتەش ڕەفتارو قسەی به‌شێوه‌یه‌ك بوه‌ که‌ خەڵک متمانەی پێ ناکات."

بە بڕوای عەبدولستار مەجید، چارەسەری ئەم دۆخەو رێگری لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا تەنها دو ڕێگای هەیەو نابێ بە سیان كە یەكەمیان بە بڕوای ئەو بریتییە لەوەی حكومەت لێگەڕێت خەڵک کارو کاسبی خۆی بکات و خۆی گوزەرانی خۆی دابین بکات (به‌ مه‌رجی پابه‌ندی به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان) کاتێك كە حكومەت ناتوانێت موچەو بژێوی بۆ دابین بكات.

دوەم رێگەش بە بڕوای سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەیە كە موچەو گوزەران و نان و خۆراک بۆ خەڵک دابین بکرێت، ئینجا بكرێتە ماڵەوە و وتوشیەتی"ناکرێ هیچ مافێکی نەدەیتێ و داوای ئەرکیشی لێ بکەیت ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×