''ئەوانەی سلێمانییان بەڕوی عێراقدا کردەوە، تیمە تەندروستیەکانیان لە باشماخ کشاندوەتەوە، دەبێت وەڵامی خەڵک بدەنەوە''
  2020-06-02       1966       

دڵشاد عەبدولرەحمان داوای رونکردنەوە لە ئیدارەی خۆجێی سلێمانی پارێزگار دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەوانەی دەروازەکانی سلێمانییان بەڕوی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا کردەوە، ئەوانەی تیمە تەندروستیەکانیان لە باشماخ کشاندوەتەوە، دەبێت وەڵامی خەڵک بدەنەوە.

ئاوێنه‌: دڵشاد عەبدولرەحمان، وەزیری پێشوتری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بەناونیشانی "کێ بەرپرسە لەم دۆخەی کۆرۆنا لەسلێمانی" نوسیویەتی، "ناکرێ ئەم دۆخە نالەبارەی تەندروستی لەسلێمانی ھەرئاوا ڕاگوزەر تێپەڕێ، ئەمە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیانی ھاوڵاتیانەوە ھەیە، بەتایبەتی کە دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی لەسەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆناوە پابەندی تەواوی بڕیارەکانی حکومەت بون و ئەوەی لەسەریان بو کردویانە".

 ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوانەی دەروازەکانی سلێمانی یان بەڕوی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا کردەوە، ئەوانەی تیمە تەندروستیەکانیان لە باشماخ کشاندوەتەوە، دەبێت وەڵامی خەڵک بدەنەوە کەلەسەر چ بنەمایەک دەروازەکانی سلێمانی یان واڵاکرد.

دڵشاد عەبدولرەحمان باسی لەوەشکردوە، ھۆکاری سەرەکی ئەم بڵاوبونەوە خێرایە ھاتنی بی کۆنتڕۆڵی خەڵکە لە پارێزگاکانی تری عێراق و کەرەنتیننەکردنی ئەوانەن، کە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە، ئیدارەی خۆجێی سلێمانی و خودی جەنابی پارێزگار دەبێت رونکردنەوەی ھەبێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، كۆی ژماره‌ی توشبوانی کۆرۆنا گەیشتوەتە 745 کەس، له‌نێویاندا حەوت مردن هه‌یه‌، هاوكات 420 كه‌سیش چاكبونه‌ته‌وه‌ و ڤایرۆسه‌كه‌یان په‌ڕاندوه‌، له‌ئێستاشدا 318 توشبو له‌ژێر چاودێری پزیشكیدا ماونه‌ته‌وه، کە زۆرینەیان لە سلێمانین‌. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×