كاسبكارانی سلێمانی داوا دەکەن رێگا بدرێت دوکانەکانیان بکرێتەوە
  2020-06-02       472       
ژمارەیەک لە کاسبکار و دوکاندارەکانی ناو بازاڕی سلێمانی گردبونەوە و داوا دەکەن رێگا بدرێت دوکانەکانیان بکرێتەوە.

ئاوێنه‌:  کاسبکار و دوکانداران دەڵێن لە کاتی قەدەغەی هاتوچۆدا زیانی زۆر دەکەن و ناتوانن چیتر بەو دۆخەوە بەردەوام بن.

هاوکات عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ دوای ئەوەی سەردانی شەقامی مەولەوی کرد و لەگەڵ کاسبکاران کۆبوەوە، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "داوا لە هاوڵاتیان دەکەین رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و گوێ لەو قسانە نەگرن کە دەڵێن وانیە، چونکە خۆیان زەرەر دەکەن، هەمومان زەرەر دەکەین، هەمو هەوڵێکی ئێمە بۆ ئەوەیە خەڵکی خۆمان بپارێزین داوایان لێدەکەین لەکاتێکدا کە دوکان و شوێنەکان کرایەوە رێنماییەکان جێبەجێ بکەن".

لەبارەی وادەی کردنەوەی دوکان و بازاڕەکان ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوە دەکرێت و هەربڕیارێک بدرێت ئەوان ئەوە جێبەجێ دەکەن، "هەمو کاتێکیش پشتیوانی کاسبکارانین بۆ ئەوەی داواکاریەکانیان جێبەجێ بکەین، ئێستاش بۆیە هاتوم بۆلایان بۆ ئەوەی لە کۆبونەوەی لیژنەی باڵا قسەی لەسەر بکەین".

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکرد، سەرکەوتنی هەمو کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیانە، ئەگەر هاوڵاتیان نەبێت هیچ کارێک سەرکەوتو نابێت، "چۆن هەمو کات پشتیوانمان بون لێرەش دەبێت پشتیوانمان بن بۆ ئەوەی هەمومان پێکەوە سەلامەت بین".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×