2020-06-02   400     
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند، له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٦٤ کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان له‌ده‌ستداوه و كۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە له‌و وڵاته گیانیان لەدەستداوە بۆ حەوت هەزار و ٩٤٢ کەس و كۆی گشتیی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون بۆ ١٥٧ هه‌زار و ٥٦٢ حاڵه‌ت به‌رزبووه‌ته‌وه.
ئاوێنه: بەگوێرەی هەواڵێکی ته‌له‌ڤیزیۆنی فه‌رمیی ئێران کە لەزاری کیانوش جیهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئه‌و وڵاته بڵاوکراوەتەوە، له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٦٤ کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌وشێوه‌یه‌ش كۆی گشتیی گیانله‌ده‌ستدان بۆ حه‌وت هه‌زار و ٩٤٢ به‌رزبووه‌ته‌وه و كۆی گشتیی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوونیش به هه‌ڵكشانی سێ هه‌زار و ١١٧ حاڵه‌تی دیكه گه‌یشتووه‌ته، ١٥٧ هه‌زار و ٥٦٢ حاڵه‌ت.
هاوکات جیهانپور باسی له‌وه‌شكردووه له‌و كه‌سانه‌ی تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون، دوو هه‌زار و ٥٦٥یان دۆخی ته‌ندروستییان ناجێگیره و ١٢٣ هه‌زار و ٧٧ كه‌سیشیان دوای ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پزیشكی‌یان وه‌رگرتووه، به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌دا زاڵبوون، چاكبوونه‌ته‌وه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵه‌وه.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، پارێزگاکانی ئەسفەهان، ئازەربەیجانی خۆرئاوا، كوردستان، کرماشان، هورموزگان و بوشه‌هر مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تیایاندا زۆرە. یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ئێران، ١٩ی شوباتی رابردوو لە شاری قوم تۆمارکرا.