2020-06-04   859     
هاوڵاتیانی شارەزوور و زەڕایەن خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و بۆ وەڵامی داواکارییەکانیشیان ٣٠ ڕۆژ مۆڵەتیان دایە حکومەت.
ئاوێنه: ئەمڕۆ هاوڵاتیانی شارۆچکەی شارەزوور و شارەدێی زەڕایەن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەکاریی دەستەی ناڕەزایی شارەزوور و زەڕایەن، لەبەردەم دادگای شارەزوور کۆبوونەوە و پاشان بە خۆپیشاندان بەرەو شەقامی گشتیی زەڕایەن بەڕێکەوتن.
خۆپیشاندەران، نزیکەی کاتژمێرێک شەقامەکەیان داخست، کە شارەزوور بە سلێمانی و گەرمیانەوە دەبەستێتەوە.
خۆپیشاندەران دورشمی"بڕوخێ دز"، "دز..دز دەسەڵات، کوانێ داهاتی وڵات"، "ئەی حکومەتی بێ سیقە، کەرەنتینە کەی مەنتیقە" و چەندین دروشمی دیکەیان دەوتەوە، هەروەها لەسەر پانکارتەکانیان نووسرابوو"میللەت هەژارکراوە، کەواتە دەسەڵات لە دەستێکی ئەمیندا نییە"، "کۆرۆنا هەر جارێک دەمانکوژێ، بەڵام ستەم هەموو ڕۆژێک"، "خاک و وڵاتمان خۆش دەوێ، بەڵام دەسەڵات دز و ستەمکار نا".
دوای نزیکەی کاتژمێرێک لە داخستنی ڕێگا و بەدەنگەوە نەهاتنی هیچ بەرپرسێک، کوێستان محەمەد، یاداشتی خۆپیشاندەرانی خوێندەوە، کە جگە لە داواکاریی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی بە سنوورەکەیان، چەندین داواکاریی گشتیی تێدابوو، لەوانە:
-شکۆ بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرلەمان.
-دۆخی ئابووریی ئاسایی بکرێتەوە و دەست لە دزینی قوتی خەڵک هەڵگیرێت.
-گێڕانەوەی داهاتی گشتیی بۆ خزمەتی گشتیی.
-بڕینی مووچەی بندیوار و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ڕاستەقینە.
-گەڕانەوەی شکۆ بۆ دادگاکان.
-دامەزراندنی گەنجان.
لە یاداشتەکەدا سی ڕۆژ مۆڵەت بۆ حکومەت دیاریی کرابوو، بۆ وەڵامدانەوەیان، بە پێچەوانەوە، هەڵوێستی جدییان دەبێت.