سۆران عومەر: حکومەت ھەوڵی بڕینی موچەی "موچەخوراوان" دەدات
  2020-06-05       1327       

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: حكومەتی هەرێم هەوڵی بڕینی موچەی موچەخۆران دەدات كە ئەو بە "موچەخوراوان" ناوی بردون.

ئاوێنە: سۆران عومەر، لە نوسینێكدا لەژێر ناوی "حکومەتی کوڕە گەورە، ھەوڵی بڕینی موچەی موچەخوراوان دەدات!" لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"ئەم کابینە کە کوڕەگەورەی بارزانی بەپشتاوپشت وەریگرتوە، کار لەسەر بڕینی موچە دەکات."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە لە كۆبونەوەی دو رۆژ لەمەوبەری ئەنجومەنی وەزیرانیدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتویەتی: دەبێ خەرجی موچە بگاتە ٤٠٠ ملیار! واتە نزیکەی سەدا ٥٠ زیاتری موچە دەبڕدرێت.

سۆران عومەر هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پێشنیارەکان بۆ دەستکاری موچە چەند بژاردەیەک بوەو ماوەتەوە بۆ ڕۆژانی ئایندەو کەمترین دەستکاری موچەی ھێزی ئەمنی دەکەن، پێشمەرگەش ئەوەی لەدەوامدا نەبێ زیاتر دەیگرێتەوە.

هەر بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە سەرۆكی حكومەتی داواشی کردوە سەردانی لایەنەکان بکرێت تاکو ڕازییان بکەن موچە ببڕدرێ بەبەھانەی ئەوەی داھاتیان کەمەو بەپارەی بەغداشەوە ناتوانن موچە بەم جۆرە بدەن!

سۆران عومەر وتوشیەتی"ئەمەش ناڕەزایەتی ھەم لای وەزیرێكی پارتی ھەم لای جێگری سەرۆکی حکومەت ھەم لای یەک دو وەزیری بەھەڵوێست لێ کەوتۆتەوە!"

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم کابینە کە کوڕەگەورەی بارزانی وەک دواین کارتی ڕێکردنەوەی شکستەکانی حوکمڕانیان ھێناویانەتە پێش ھەمو تەرکیزی لەسەرەتاوە لەسەر موچەو دەوامی فەرمانبەرانە! بۆیە دەگاتە مانگی شەش و موچەی مانگی یەکی داوە!"

وتوشیەتی"نایەوێ دەست بۆ بەرژەوەندییە ناشەرعیەکانی حزبی باڵادەست ببات، نایەوێ لەقازانجی خۆیان کەم بکەنەوە، بەناوی چاکسازیەوە نزیک دەبێتەوە لە ساڵێک تەمەن جگە لە ڕێنمایی و بڕیارو ھەڕەشەو ڕونکردنەوە چی کردوە؟"

هەوروەها وتوشیەتی"ھیوادارم بڕینی موچەی موچەخوراوان سەریان بخوات و ناڕەزایەتیەکان بگەنێتە ئەو شوێنەی کە بەزەبری چەک و تۆقاندن پاراستویانەو وادەزانن تاسەر دەتوانن بەوجۆرە ناڕەزایەتیەکان سەرکوت بکەن!"

لەكۆتاییشدا وتویەتی"لەغیابی پەرلەمانێکی بێ شکۆو بێ ئیرادەدا، ھەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێ لەم بەناو حکومەتە کە ئەوەتەی ئەمانە ھەن بەڵای سەر ئازادی و ماف و ژیانی خەڵکن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×