کەی کۆڕۆنا دەگاتە کەسانی هەستیار؟
  2020-06-05       2510       
بەداخەوە، وەک ئاگادارن ماوەیەکە تووشبووانی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید١٩) لەهەرێمەکەمان بەرێژەیەکی بەرز رۆژانە دیاریدەکرێت و راددەی مردنیش بەرزە.

ئەم ڤایرۆسەی ئێستا، هەمان ڤایرۆسی پێشووە، درێژەپێدەری هەمان شەپۆلی یەکەمە، چونکە جارێ وەرزێک تێنەپەڕیوە بەبێ تۆمارکردنی تووشبووان، بۆیە ئەمە بەشەپۆلی دووەم دانانرێت.

ئەگەر بپرسن ئەی بۆچی ڤایڕۆسەکە ئێستا کوشندەتر و خێراترە لە دوو سێ مانگی رابردوو؟

ئەمە جێگای گومانە لای پزیشکانی پسپۆڕیش، بەڵام وەڵامەکەی روونە؛ سەرەتا چونکە قەدەغەی هاتووچۆ هەبوو، راگەیاندن بەهێزتر و گەرمتر بوو، خەڵک پارێزیدەکرد و پابەندبوو، هەروەها خەڵک متمانەی بە بڕیارەکان هەبوو، بۆیە زۆربەی هاوڵاتییان خۆیان کەرەنتینکردبوو، بەمەش ئەنجامەکانی ئەرێنی بوون.

ئەو کردە گرنگانە، نەیانهێشت ئەم ڤایرۆسە پەرەبسێنێت و بگاتە خەڵکی هەستیار (بەتەمەنەکان، ئەوانەی بەرزەپەستانی خوێن، نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی درێژخایەنی سییەکان، رەبۆ، سستیی گورچیلە و جگەر، نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە، هەروەها ئەوانەی بەرکەوتەی چەکی کیمیاوین و دەرمانی کیمیاوین).

لە ئێستادا؛ بەهۆی شکاندنی لۆکداون و قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن حکومەت و نەمانی متمانە لەلایەن هاوڵاتییانەوە بە نەخۆشییە ڤایڕۆسییەکە، خۆپارێزی زۆر کەمیکردووە و لەبەرانبەردا بەرکەوتن و قەرەباڵغی زۆر زیادیکردووە. ئەگەر ئەمە بەردەوامبێت؛ کۆڕۆنا بەو نزیکانە دەگاتە کەسە هەستیارەکان و رێژەی مردن زۆر بەرزدەبێتەوە.

د. رەوەند عبدالرحمن عیسی
پزیشکی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×