چاوشئۆغلۆ سوربونی وڵاتەكەی لەسەر كڕینی سیستمی ئێس 400 دوپاتدەكاتەوە
  2019-03-29       616       

سەرباری هۆشدارییەكانی ئەمریكا، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا سوربونی وڵاتەكەی لەسەر كڕینی سیستمی موشەكەی ئێس 400 لەڕوسیا دوپاتدەكاتەوە.

ئاوێنە: مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەی توركیا، ئەمڕۆ هەینی لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا روسییەكەی لەئەنتالیا، رایگەیاند، ئەنكەرە پابەند دەبێت بەگرێبەستی كڕینی سیستمی ئێس400ی روسی و هەروەها پابەندیش بوە بە بەڵێنەكانیانەوە بۆ بون بە بەشێك لە بەرنامەی فڕۆكەی جەنگی ئێس 35ی ئەمریكی.

چاوشئۆغلۆ هەروەها ئاماژەی بەوەشدا توركیا ئێس400 بۆ وڵاتێكی دیكە ناكڕێت بەڵكو لەبەر پێویستی خۆی دەیكڕێت و جەختیشی كردەوە كە ئەنكەرەو مۆسكۆ تاووتوێی وادەی رادەستكردنی سیستمی ئێس 400 بە وڵاتەكەی دەكەن.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكاوە لەسەر كڕینی سیستمەكە، چاوشئۆغلۆ وتی"ناڕەزایەتی وڵاتی سێیەم لەبارەی رێككەوتنی ئیمزاكراوی نێوان دو وڵاتی دیكە، پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە."
ئەوەشی خستەڕو كە واشنتۆن لێدوانی دژبەیەك لەبارەی بەرنامەی فڕۆكەی ئێف 35ەوە دەدات.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پڕۆژەیاسایەكیان پێشكەشكرد، كە لەلایەن كۆمارییەكان و دیموكراتەكانەوە پشتیوانی دەكرێت، بۆ رێگریكردن لەپێدانی فڕۆكەی ئێف35 بە توركیا تا ئەو كاتەی حكومەتی ئەمریكا دڵنیا دەبێت كە ئەنكەرە سیستمی ئێس 400 لە روسیا وەرناگرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×