لیوای‌ كورده‌ فه‌یلیه‌كان
  2019-03-30       1328       

ئا: ئاوێنە

 

كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كورده‌واری‌ تا دێ‌ په‌رت‌و لێكترازاوتر ده‌بێت، به‌رله‌وه‌ی‌ خۆیان به‌كورد بزانن، خۆیان به‌كاكه‌یی، ئێزیدی، هه‌ورامی، شه‌به‌ك‌و فه‌یلی ده‌زانن. به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردوشه‌وه‌، ئێستا كورده‌ فه‌یلیه‌كان ئینتیمایان بۆ مه‌زهه‌به‌كه‌یان به‌هێزتره‌ تا نه‌ته‌وه‌كه‌یان.
فه‌یلییه‌كان كه‌ به‌شێكی‌ گرنگی‌ پێكهاته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردن‌و زۆربه‌یان لوڕ‌و كه‌ڵهوڕن‌و له‌ناوچه‌كانی‌ وه‌ك به‌دره‌و جه‌سان‌و مه‌نده‌لی‌‌و خانه‌قین‌و سه‌ر سنوری‌ نێوان ئێران‌و عێراق‌و له‌به‌غدای‌ پایته‌ختدا ده‌ژین، ساڵه‌های‌ ساڵ‌ هه‌م به‌هۆی‌ كوردبونیانه‌وه‌ چه‌وسێنراونه‌ته‌وه‌و هه‌م به‌هۆی‌ شیعه‌بونیشیانه‌وه‌. به‌تایبه‌تی‌ له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عسیه‌كاندا، له‌ده‌یه‌ی‌ 1980دا زۆربه‌یان ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان لێسه‌ندرایه‌وه‌‌و ماڵ‌‌و موڵكیان لێزه‌وت كراو به‌ره‌و ئێران راگوێزران. 
به‌درێژایی‌ ده‌یان ساڵ‌ چ له‌سه‌رده‌می‌ عوسمانیه‌كان‌و چ له‌سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌‌و دامه‌زراندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆماریدا له‌عێراق، فه‌یلیه‌كان به‌شێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ دانیشتوانی‌ كوردی‌ به‌غدا بون، تۆفیق وه‌هبی‌ له‌ساڵی‌ 1959دا ژماره‌ی‌ ئه‌وانی‌ له‌پایته‌ختی‌ عێراقدا به‌250 هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ كردوه‌. ئێستا ژماره‌ی خۆیان به‌ملیۆنێك كه‌س داده‌نێن له‌كۆی‌ عێراقداو له‌دیباجه‌ی‌ ده‌ستوریشدا وه‌ك به‌شێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ عێراق ناویان هاتوه‌.
دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام له‌ساڵی‌ 2003دا، زۆربه‌یان له‌ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق، زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریشیان به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ساڵانی‌ شه‌سته‌كان‌و حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌، چونه‌ ریزی‌ هێزه‌ شیعیه‌كانه‌وه‌ نه‌ك هێزو حیزبه‌ كوردستانیه‌كانه‌وه‌، له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا ده‌نگیان به‌لیسته‌ شیعیه‌كان دا نه‌ك لیسته‌ كوردییه‌كان، به‌تایبه‌تی‌ له‌به‌غدا كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ پایته‌خت چه‌ند كوردێكی‌ فه‌یلی‌ سه‌ر به‌هێزه‌ شیعیه‌كان له‌خۆده‌گرێت.
له‌سایه‌ی‌ تۆخكردنه‌وه‌ی‌ ئینتیمای‌ مه‌زهه‌بی‌‌و شه‌ڕی‌ تائیفیی‌ نێوان سوننه‌و شیعه‌كاندا، فه‌یلییه‌كانیش له‌نێوان ئینتیمای‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ئینتیمای‌ مه‌زهه‌بییدا، دوه‌میان هه‌ڵبژارد، ساڵی ٢٠١٤لیوای‌ كورده‌ فه‌یلیه‌كان دامەزرا له‌چوارچێوه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیدا. ماهر فه‌یلی‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ لیواكه‌ ده‌كات، گوێڕایه‌ڵی‌‌و په‌یڕه‌وكردنی‌ ته‌واوی‌ خۆیانی‌ بۆ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی‌ ئایینی‌ شیعه‌كان "عه‌لی‌ سیستانی‌" راگه‌یاندوه‌، كه‌ فه‌توای‌ چه‌ك هه‌ڵگرتنی‌ له‌دژی‌ داعش ده‌ركردبو.
ماهر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ژماره‌ی‌ جه‌نگاوه‌رانی‌ لیوای‌ كورده‌ فه‌یلیه‌كان 7 هه‌زار جه‌نگاوه‌ری‌ تێپه‌ڕاندوه‌، كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقیه‌وه‌ موچه‌و چه‌ك‌و تفاق‌و كه‌ره‌سه‌ی‌ سه‌ربازی‌ بۆ دابین ئه‌كرێت. ناوبراو ده‌ڵێت "كورده‌ فه‌یلیه‌كان شمشێری‌ كاران به‌ده‌ستی‌ مه‌رجعیه‌ته‌وه‌و ده‌بنه‌ شوراو قه‌ڵغانی‌ پاراستنی‌ به‌غدا". 
دامه‌زراندنی‌ ئه‌م لیوایه‌ له‌لایه‌ن كۆنگره‌ی‌ نیشتمانی‌ كورده‌ فه‌یلیه‌كانه‌وه‌ له‌به‌غدا بڕیاری‌ له‌سه‌ر درا، كۆنگره‌ی‌ ناوبراو خۆی به‌نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ فه‌یلیه‌كان ده‌زانێت.  

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×