داهاتی نه‌وتی عێراق له‌مانگی رابردودا 6.68 ملیار دۆلار بوه‌
  2019-04-01       1518       

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكرایكرد،‌ له‌مانگی رابردودا زیاتر له‌ 104 ملیۆن و 686 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ كراوه‌ كه‌ داهاته‌كه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش ملیارو 600 ملیۆن دۆلار بوه‌.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئاماره‌كانی كۆمپانیای سۆمۆ، بڕی هه‌نارده‌و داهاتی نه‌وتی له‌ مانگی ئازاردا ئاشكراكرد.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌مانگی رابردودا بڕی 104 ملیۆن 686 هه‌زارو 779 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ كراوه‌ كه‌ داهاته‌كه‌ی شه‌ش ملیارو 679 ملیۆن و 440 هه‌زار دۆلار بوه‌.

جیهاد عاسم، وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاشكرایكردوه‌ كه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌مانگی رابردودا له‌ كێڵگه‌كانی باشور گه‌یشتۆته‌ 100 ملیۆن 899 هه‌زارو 853 به‌رمیل و له‌ كێڵگه‌كانی كه‌ركوكیش بڕی هه‌نارده‌كردن سێ ملیۆن و 63 هه‌زارو 972 به‌رمیل و له‌ كێڵگه‌ی گه‌یاره‌ش 722 هه‌زارو 954 به‌رمیل بوه‌.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو كه‌ تێكڕای هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ گه‌یشتۆته‌ سێ ملیۆن و 377 به‌رمیل نه‌وت و تێكڕی نرخی یه‌ك به‌رمیلیش 63.804 دۆلار بوه‌.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×