شیرین ئەمین کێیە؟
  2019-04-04       245       

ئا: زریان ئەحمەد

جلێكی ره‌شی پۆشیبو، چاوه‌كانی پڕبو له‌ فرمێسكی قه‌تیسماو، دڵه‌ بێنازه‌كه‌ی سه‌دان پرسیاری بێوه‌ڵامی هه‌ڵگرتبو عه‌وداڵی گه‌ڕان بو به‌ دوای هۆكاره‌كان، تا بزانێت ئایا ژیان نه‌هامه‌تی زیاتری بۆ هه‌ڵگرتوه‌ یاخود تا؟ شیرین ناسراو به‌ (شیرینی كاوه‌ گه‌رمیانی) ئه‌و ئافره‌ته‌یه‌ كه‌ رۆژگاره‌كانی پڕن له‌ خه‌م و كاره‌سات، به‌ڵام بوێرانه‌ بێ گوێدانه‌ كۆسپه‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌نگاو نان و به‌ ئومێدی گه‌وره‌كردنی (ئامه‌دی) كوڕییه‌تی.

شیرین ئه‌مین، ته‌مه‌ن 30ساڵ، له‌دایك بوی گوندێكی سه‌ربه‌ ناحییه‌ی رزگارییه‌، له‌ قه‌زای كه‌لار نیشته‌جێیه‌، به‌هۆی شاڵاوی ئه‌نفاله‌وه‌ باوكی له‌ده‌ستده‌دات، بۆ ماوه‌ی (6)مانگ له‌ نوگره‌ سه‌لمان ده‌مێننه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دایكی و دوخوشكه‌كه‌یدا دواتر ئازاد ده‌كرێن، به‌ڵام شیرین له‌ خێزانه‌كه‌ی داده‌برێت.

خاتو شرین به‌مشێوه‌یه‌ سه‌رگوزه‌شته‌ی ژیانی خۆی گێرایه‌وه‌: "له‌دوای پرۆسه‌ی ئه‌نفال باوكم و به‌شێكی زۆری كه‌س و كاره‌كه‌مم له‌ده‌ستدا خوشكێكیشم به‌هۆی روداوی هاتوچۆوه‌ گیانی له‌ده‌ست دا".
وتیشی: هه‌ر به‌هۆی ئه‌و شاڵاوه‌وه‌ خێزانه‌كه‌م په‌رته‌وازه‌ بوین، من له‌ دایكم و خوشكه‌كه‌ی ترم دابرام، دایكیشم دوای چه‌ند ساڵێك له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال هاوسه‌رگیری دوه‌می ئه‌نجام دایه‌وه‌، منیش كه‌ ته‌مه‌نم كه‌متر له‌ ساڵێك بو پورم گرتمیه‌ خۆی كه‌ ئه‌ویش هه‌مو كه‌س و كاری ئه‌نفال ببون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ته‌مه‌نیكی كه‌مدا له‌ خێزانه‌كه‌م دابرا بوم، ئه‌گه‌ر رۆژێك ئه‌وانم له‌ جێگه‌یه‌كدا بینیبا هه‌رگیز نه‌مده‌زانی كه‌ دایكمه‌، كاتێ كه‌ دایكی خۆمم بینیه‌وه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نم (10)ساڵ بو كه‌ پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تای بوم.
خاتو شیرین به‌ ئارامی و خۆراگرییه‌كی زۆره‌وه‌ بۆ( ئاوێنه‌) باس له‌وه‌ ده‌كات: پورم به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خێزانه‌كه‌ی له‌ ده‌ستدابو، بونی منی به‌ ئه‌وانه‌وه‌ به‌سته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ پێناو دابینكردنی ژیانیكی شایسته‌و ئارام بۆ من چه‌ندین كاری ئه‌نجامدا، له‌ كاتی خۆیدا منی خسته‌ به‌ر خوێندن و به‌ سه‌ربه‌رزی خوێندنه‌كه‌مم ته‌واو كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پورم له‌وه‌ته‌ی فامم كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ی پێوتم كه‌وا من دایكی تۆ نیم بۆیه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ دایكه‌ بانگی بكه‌م هه‌ر به‌ پورێ بانگم ده‌كرد.
وتیشی: له‌پاڵ خوێندنه‌كه‌مدا كاری رێكخراوه‌ی و رۆژنامه‌وانیشم ئه‌نجامدا.

شیرینی كاوه‌ گه‌رمیانی كه‌ ناو به‌ ناو نوسین و شیعری له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا بڵاو ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و نوسین و شیعر و راپۆرتانه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌ره‌كی ژیانی خۆی بو، له‌ رێگه‌ی نوسینی ئه‌و هۆنراوه‌ی كه‌ بۆ خۆی و باوكی نوسیویه‌تی بۆ یادی ئه‌نفال كه‌سێك ده‌ناسێت به‌ناوی (كاوه‌ گه‌رمیانی ) كه‌ ئێستا سیمبوڵی قه‌ڵه‌مه‌.
له‌ دوای هه‌مو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ رابردودا چه‌شتویه‌تی هاتن و ناسینی كاوه‌ بۆ شیرین ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای ژیانیكی نوێ، شیرین له‌ ریگه‌ی نوسین و له‌ به‌روارێكی جواندا له‌ 12-12-2012 بریاری هاوسه‌رگیری ده‌دات له‌گه‌ڵ كاوه‌ گه‌رمیانی كه‌ هاورێ و هاوپیشه‌ی خۆیه‌تی.
به‌ڵام هه‌ر وه‌كو شیرین ئاماژه‌ی پێكرد: ده‌ستی ره‌شی تاریك په‌ره‌ستان نه‌یان هێشت، مۆمی ساڵێكی ئه‌وینداری و هاوسه‌رگیریان دابگیرسێنن، یه‌ك هه‌فته‌ پێش یادی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان (كاوه‌)ی هاوسه‌ریان شه‌هید كردو دوباره‌و یۆ هه‌میشه‌ ژیانی شیرینیان خزانده‌ نێو تاریكی و خه‌می رۆژگاره‌وه‌.
خاتو شیرین به‌ تاسه‌وه‌ وتی: من له‌ ریگه‌ی قه‌ڵمه‌وه‌ كاوه‌م ناسی هه‌ر له‌ ریگه‌ی قه‌ڵه‌میشه‌وه‌ له‌ ده‌ستمدا، هه‌رچه‌نده‌ من كاری رۆژنامه‌وانی پیشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی من نه‌بوه‌ به‌ڵام ئه‌كه‌ر رۆژیك دیسان قه‌ڵه‌مم هه‌ڵگرته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌مه‌وێ وه‌ك قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی كاوه‌ هه‌ڵی بگرمه‌وه‌.
به‌ قورگی پر له‌ گریانه‌وه‌ ئه‌وه‌شی وت: قسه‌یه‌كی كاوه‌ی هاوسه‌رم هه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیزاو هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ دوای كۆتای هاتنی وه‌رزی هاوین هه‌ڵگرتنی موبه‌ریده‌ی ماڵه‌وه‌ پێی وتم شیرین ئه‌وا گه‌رمای هاوین ته‌واو بو ره‌نگه‌ دۆزه‌خیش هێنده‌ی ئه‌م ژیانه‌ی ئێمه‌ گه‌رم بێت، منیش پێم وت خوا گه‌وره‌یه‌ ره‌نگه‌ بۆ هاوینی داهاتو گوزه‌رانمان باشتر ببێت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی هاوین بێته‌وه‌ كاوه‌یان بۆ هه‌میشه‌ له‌ من وه‌رگرته‌وه‌.
شیرین چه‌ند جارێك دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ژیانی خۆی و كاوه‌ هه‌ر ئازار بوه‌، نه‌مان زانیوه‌ ناوی چی لێبنێین، به‌ڵام خۆشه‌ویستی نێوانمان به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بو كه‌ دركمان به‌ هه‌مو ئه‌و نه‌بونیانه‌ نه‌ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مو دونیا موڵكی من بوبێت، به‌ڵام ئیستا گه‌ر هه‌مو دونیا هی من بێت له‌ نه‌بونی كاوه‌ وه‌ك ده‌نكه‌ شقارته‌ی ته‌قیو وایه‌ بۆ من.
له‌ دوای (17) رۆژ له‌ شه‌ هید بونی كاوه‌ گه‌رمیانی، شیرین كاوه‌یه‌كی تر دێته‌ ژیانیه‌وه‌ ئه‌ویش (ئامه‌ده‌).
ئامه‌د له‌ دوای دو هه‌فته‌ له‌ شه‌هید بونی باوكی چاوی به‌ دونیا هه‌ڵهێناو تروسكه‌یه‌ روناكی و ئومێدی له‌ ژیانی دایكیدا دروستكرد، ئه‌گه‌ر بۆ تۆزێكیش بێت نه‌بونی كاوه‌ی له‌ ژیانی دایكیدا كاڵ كرده‌وه‌.
له‌ دوای (5)ساڵ له‌ مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی شیرین هێشتا ئه‌و به‌رگه‌ ره‌شه‌ی دانه‌ناوه‌ كه‌ بۆ شه‌هید بونی كاوه‌ پۆشیویه‌تی، ئه‌و به‌ جه‌ختكرنه‌وه‌یه‌كی زۆره‌وه‌ وتی: نه‌ك سه‌د ساڵ و دوسه‌د ساڵ گه‌ر هه‌زار ساڵیش بژیم ئه‌و به‌رگه‌ ره‌شه‌ی بۆ له‌ده‌ستدانی كاوه‌ پۆشیومه‌ هه‌رگیز دای نانێم، چونكه‌ من نه‌ك به‌رگه‌كه‌م به‌ڵكو بۆ هه‌میشه‌ له‌ ناخه‌وه‌ تاریك بوم.
دایكی ئامه‌د به‌ ئاهێكی قوڵه‌وه‌ درێژه‌ی به‌ قسه‌كانیداو وتی: هه‌مو داهاتوم و ژیانیشم بۆ ئامه‌ده‌ جگه‌ له‌ ئاماده‌ هیچ شتێك گرنگ نیه‌ بۆم هه‌ر به‌هۆی ئامه‌دیشه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌مو به‌ر به‌ستێك زاڵ ده‌بم.
وتیشی: هه‌روه‌ك چۆن خۆم له‌ وێنه‌شدا باوكی خۆمم نه‌ دیوه‌، به‌ڵام ئامه‌د جیاوازتر له‌ خۆم باوكی له‌ وێنه‌دا بینیوه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێ یاوكیه‌تی و له‌ ده‌ستیشی داوه‌.
باسیله‌وه‌شكرد: له‌ ئێستادا ئامه‌د ته‌مه‌نی گه‌شتوه‌ته‌ سه‌روی (4)ساڵ، ده‌زانێت كاوه‌ باوكیه‌تی به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ باخچه‌یه‌ و ناوی باوكی به‌كارده‌هێنرێت رۆژانه‌، به‌ڵام به‌ دیاری كراوی نازانێت باوكی شه‌هید كراوه‌ یان له‌ ژیان نه‌ماوه‌، هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئیچمه‌ وه‌ك خۆمان هه‌میشه‌ هه‌وڵمانداوه‌ كه‌ دونیای مناڵی ئامه‌د تێكه‌ڵا و سه‌رقاڵ نه‌كه‌ین به‌و باسه‌.
به‌ ئاهێكی قوڵ و ترسێكی زۆره‌وه‌ شیرین سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ چۆن و به‌ چ شێوازێك بۆ ئامه‌دی رون بكاته‌وه‌ كه‌ باوكی شه‌هید بوه‌ و له‌ ژیان نه‌ماوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: هه‌میشه‌ گه‌وره‌ترین ترس و پرسیاری ژیانم بۆ ئامه‌د ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ گه‌وره‌ بو چۆن و چی پێبڵم گه‌ر بڵێت باوكم كێیه‌و له‌ كوێیه‌؟، ئه‌گه‌رچی چه‌ند جارێك ئه‌و پرسیاره‌ی ورژاندوه‌ كه‌ باوكی كوا، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ خۆم له‌و پرسیاره‌ی بشارمه‌وه‌ به‌جوانی بۆم رون كردوه‌ته‌وه‌ و تێم گه‌یاندوه‌ كه‌ بۆ ئێستا زوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ قسه‌ بكه‌ین، بۆیه‌ چیترت پێخۆشه‌ باسی ده‌كه‌ین و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و به‌و شێوه‌یه‌ سه‌رقاڵی ده‌كه‌م، بۆیه‌ بۆ ئێستای به‌ زوی ده‌زانم سه‌رقاڵی ئه‌و پرسه‌ی بكه‌م و تا پێم بكرێت لێی به‌دور ده‌گرم.
وتیشی: هه‌ركات پێویست بكات ده‌ست به‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكه‌ بكه‌م بۆ ئامه‌د، ئه‌وه‌ پێشتر وتوێژ له‌گه‌ڵ ده‌رون ناسان و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌م ئنجا ده‌ست بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌به‌م.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×