خەتەنەكردنی مێینە لەباوانەوە بۆ نەوەکان
  2019-04-04       1061       

ئا: زریان ئەحمەد


خەتەنەكردنی مێیینە وەك شارەزایان دەڵێن دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی كۆنە ، لە باوانەوە بۆ نەوەكانیان ماوەتەوە ، لە ساڵانی نەوەدەكان ئەم دیاردەیە بەشێوەیەك بەربڵاو بوو كە تەواوی كچان دەبوو بەو دیاردەیەدا تێپەڕبوونایە، بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و هاتنە ژورەوەی دەیان رێكخراوی بیانی و دروستبوونی دەیان رێكخراوی ناوخۆیی پەردەی لەسەر  لادا بەشێوەیەك هەرەشەبوو بۆ سەر  ژیانی تاك بەتاكی مێینە لەكوردستان ، لەساتەوە دەست كرا بە كاركردن بۆ نەهێشتن و بنبر كردنی .


لێرەدا ئەوەی جێی پرسیارە: ئایا دیاردەی خەتەنە کردن تا ئێستا بەردەوامە؟ ئایا رێژەكەی زیادی كردووە یان كەمی كردووە؟ چین هوكارەكانی زیادبون یان كەمبونەوەی دیاردەكە ؟


لەیلا ئەحمەد والی كارمەندی رێكخراوی وادی و یەكێك لەو كچە چالاكوانانەی كە وەك گەریدەیەك شار بەشار دێ بە دێ دەگەڕێت بۆ وشیاركردنەوەی مێینە و كۆمەڵگا سەبارەت بە زیانەكانی خەتەنەكردن، رێكخراوەیەكەیان ماوەی 16 ساڵە دەستیان بە كەمپینێك كردووە دژ بە دیاردەكە و تا ئێستاش بەردەوامن ، ئەو پێمان دەڵێت " داتا نوێیەكان ئەوە روون دەكەنەوە كە دیاردەكە بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە ، كەمبونەوەی رێژەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كە وشیاركردنەوەی ژنان سەبارەت بە دیاردەكە كاریگەری تەواوی خستووەتە سەر خێزانەكان ،  بروایان بەوە كردووە ئەم دیاردەیە كاریگەری خراپ دەخاتە سەر ژیانی ئەوانەی كە خەتەنە دەكرێن .


لەیلا دەڵێت " ئێمەئەمساڵ لە كوكردنەوەی داتاكان شێوازێكی نوێمان پەیرەو كردووە ، ئەویش ئەوەیە كە ژنانی بەتەمەن یان ئەوانەی پێشتر بەو دیاردەیەدا تێپەڕێون نایخەیەنە ناو داتاكەمانەوە  ، بەڵكو دێین كار لەسەر كەمترین تەمەنی كچان دەكەین كە لە تەمەنی ساواییەوە تا 14 ساڵیە  ، بۆ ئەوەی بزانین ئایا ژنانی خەتەنەكراو ئەو دیاردەیەیان گواستوەتەوە بۆ وەچەكانیان ، یاخود ئایا خێزانەكان هەر بەردەوامن لەو كارە ، بۆمان دەركەوتووە كە حاڵەتی زۆر كەم هەیە ئەو كارە بكەن ، واتا رێژەكە لە نێوان نەوەكانی رابردوو نەوەی ئێستادا تەواو جیاوازەو كەمی كردووە ، ئەكرێ بڵێین لە زۆر شوێن نەماوە " دەشڵێت  " لە 6 مانگی رابردووە بەپێی ئەو داتایانەی لای ئێمەیە دیاردەكە زۆر كەم بووەتەوە ، ساڵ دوای ساڵ زیاتر كەم دەبێتەوە  .


بەپێی راپورتێكی رێكخراوی وادی كە دەستمان كەوتووە  نوێترێن داتای 9 مانگی ئەمساڵی تێدایە دەری دەخات لە ئیدارەی گەرمیان دیاردەكە تەواو كەم بووەتەوە ، بەشێوەیەك 5%ی  ژنان خەتەنە كراون كە تەمەنیان لە یەك ساڵیەوە تا 25 ساڵیە ، ئەوە دەری دەخات كەمترین حاڵەت هەیە نەوەی رابردوو دیاردەكەی گواستبیتەوە .


ئەنجومەنی باڵای خانمان لە ساڵی 2011 لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمەوە دامەزرا ، ئەوانیش شانبەشانی رێكخراوەكان كاریان لەسەر كەیسەكە كردووە ، بەپێی داتای ئەوان كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 دیاردەكە زۆر كەم بوەتەوە.


پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەن دەلێت " ئێمە لە ساڵی 2015 پرۆژەیەكمان پێشكەش بە یونسێف كرد ، كە بۆ ئەنجامدانی روپێویەك بوو لە سەر ئاستی تەواوی پارێزگاكانی كوردستان ، بۆ زیاتر پیشەیی بوونی پرۆژەكە داوامان كرد رێكخراوێكی جیهیانی تایبەتمەند بە كارەكە پرۆژەكە بەڕێوە ببات كە رێكخراوی (هارتلاند) بوو ، روپێویەكە ساڵی 2016  تەواو بوو كە تێدا  6000 شەش هەزار ماڵ وەرگیرا .


ئەنجومەنی خانمان شێواوزێكی نوێ دەگرێتە بەر بۆ ئەنجامدانی روپێویەكە كە پەروین حەسەن لێرەدا بۆمنی باس دەكات "بەشداربوان لە  تەمەنی 4 ساڵ بۆ 14 ساڵ بوو ، جیا لەوەی كە پێكەوە روپێوی دایكانیشمان وەردەگرت تا بزانین جیاوازی نیوان ئەوان و كچەكانیان چەندە  تا بۆمان دەركەوێت دیاردەكە زیادی كردووە یان كەمی كردووە  ، لە كۆتاییدا بۆمان دەركەوت دیاردەكە تەواوی كەمی كردووە بەشێوەیەك جیاوازی زۆرمان بەدی كرد لە نێوان ئەوانەی لە رابردوودا كراون لە چاو نەوەكانیان ".


روپێویەكە بە نامیلكەیەك لە ژێر ناوی (پوختەی راپۆرتی روپێوی رێژەی بڵاوی خەتەنەكردنی مێینە لە هەرێمی كوردستان –عێراق 2015-2016) بڵاو كراوەتەوە  كۆپیەكی لای ئێمەیە، تێیدا هاتووە لە نێوان ئەو ئافرەتانەی روپێویان بۆ كراوە 44,8 % هەواڵیان داوە كە خەتەنەكراون بەراورد بە كچەكانیان كە رێژەكەی 10,7 % دەبێت .


لە روپێویەكەدا جیا لە وەرگرتنی داتای دروست بەراوردیش كراوە لە نێوان دایكان و كچان ، واتا هاوتەریبی یەك روپێوی هەردوو پێكهاتەكە كراوە ،  لە لایەك ژنانی بەتەمەن و ئەوانە وەرگیراوە كە لە كۆندا كراون  ، لە لایەكی تریشەوە ئەو كچانەی كە تەمەنیان لە 4 – 14 ساڵیە ، كە بەم شیوەیەی خوارەوەیە :
پارێزگای سلێمانی 60,3%ی دایكان و ژنانی بەتەمەن بە خەتەنەكردندا تێپەڕیون، بڵام ، 11,8 %ی نەوەكانیان خەتەنە كراون 
پارێزگای هەڵەبجە 40,0% ی دایكان و ژنانی بەتەمەن خەتەنەكردندا تێپەڕیون بەڵام  1,1%ی  نەوەكانیان خەتەنەكراون 
پارێزگای هەولێر 67,6%ی دایكان و ژنانی بەتەمەن خەتەنەكردندا تێپەڕیون ، بەڵام 16,7%ی نەوەكانیان خەتەنەكراون 
لە پارێزگای دهۆك 7,4%ی دایكان و ژنانی بەتەمەن خەتەنەكردندا تێپەڕیون بەڵام 4,1%ی نەوەكانیان خەتەنەكراون 


سەبارەت بە درێژەدان بە كاركردن بۆ نەهێشتنی تەواوەتی دیاردەكە وادی بەردەوامە لە كارەكانی ، وەك لەیلا احمد دەڵێت " ئێمە لە پرۆژەكانمان و لە روماڵ و كارە وشیاریەكانمان بەردەوامین ، كار لەسەر نەهێشتن و بنەبڕكردنی تەواوەتی دیاردەكە دەكەین ، وەك چۆن 16 ساڵە بێ وچان نەوەستاوین ئاواش بەردەوام دەبێن".


ئەنجومەنی خانمانیش پلان و كاری گرنگی داناوە بۆ داهاتووە پەروین حەسەن بەم شیوەیە تیشك دەخاتە سەر پلانەكە " لەگەڵ رێكخراوی unfba  كار لەسەر ئەوە دەكەین بنەبڕی بكەین ، پرۆفیسورێكی نێودەوڵەتیان بۆ هێنانین كە پسپۆری بواری خەتەنەكردنی مێینەیە (د ئێڤا رۆڵد) ، ماوەی مانگێك مایەوە ، سەردانی تەواوی پارێزگاكانمان كرد ، سەردانی حكومەت و پیاوانی ئاینی و رێكخراوەكانمان كرد  ، چەندین كۆبونەوەمان ئەنجامدا تاوەكو بەرچاو رونی زیاتر وەربگرین بۆ ئەوەی بزانین چی بكەین و چۆن كار بكەین ، پلانەكە درافتی یەكەمی تەواو بووە و خەریكی درافتی دووەمین ، بەتەماین لە 25ی نۆڤەمبەر دەست بەكار بكەین، دڵنیاین سەركەوتنی باش بەدەست دێنین".


خەتەنەكردنی مێینە لە یاساكانی هەرێمدا گلەیی زۆری لێ دەكرێت ، لەو نێ,ەندەشدا ئەنجومەنی خانمان یەكێكن لەو دامەزراوانەی كە رازی نین بەو چەند برگەیەكی یاساكە پەروین خان دەڵێت "گرفتی گەورەی یاساكە ئەوەیە تاوانی خەتەنەكردنی نەكردووەتە مافی گشتی ، بۆیە دەبی ئەو كەسەی تاوانی بەرانبەر كراوە سكاڵا بكات یاخود كەسێك لە خێزانەكەی سكاڵا بكات، كە ئەمە زۆر قورسە كەسەكە خۆی بتوانی ئەو كارە بكات  ، یاخود زۆر جار خودی خیزانەكە خۆی ئەو توندوتیژییە كردووەو بەشێكە لە تاوانەكە ئیتر چۆن دەچێتە دادگا و سكاڵا تومار دەكات ، بۆیە ئێمە وەك ئەنجومەنی خانمان داوامان كردووە كە یاساكە هەموار بكرێتەوە ،یاخود یاسایەكی نوێی تایبەت بەو دیاردەیە دەربكرێت ، بۆ ئەمەش دیسان ئێمە بە پرۆژە كارمان لەسەر كردووە".
 
 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×