سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپا پێشنیاردەكات وادەی چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا دوابخرێت
  2019-04-05       783       

كەناڵی بی بی سی ئەمڕۆ هەینی لەزاری سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی ئەوروپا بڵاویكردەوە كە دۆناڵد توسك، سەرۆكی ئەنجومەنەكە پێشنیاری كردوە وادەی چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا بۆ ماوەی 12 مانگ دوابخرێت.

ئاوێنە: كەناڵەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بەپێی پێشنیارەكەی دۆناڵد توسك، بەریتانیا دەتوانێت بەر لەو وادەیە لە یەكێتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە ئەگەر پەرلەمانی ئەو وڵاتە رێككەوتنێكی لەوبارەیەوە پەسەندكرد.

پێشنیارەكە پێویستی بە رەزامەندی سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا هەیە لەمیانی ئەو لوتكەیەی كە بڕیارە هەفتەی داهاتو ئەنجامی بدەن.

دوای ئەوەی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ سێ جار پلانی سەرۆك وەزیران تێرێزا مەی بۆ چونەدەرەوە لەیەكێتی ئەوروپا رەتكردەوە، تێرێزا مەی داوای لە جیریمی كۆربین، سەرۆكی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن كرد كە دەست بكەن بە دانوستان لەپەرلەمان وەك هەوڵێك بۆ دەرچون لەو قەیرانە.

تێرێزا مەی لەم هەفتەیەدا رایگەیاندبو، هەوڵ دەدات بەپێی توانا وادەی چونە دەرەوەی وڵاتەكەی لەیەكێتی ئەوروپا دوابخات كە لەئێستادا ئەو وادەیە بریتییە لە 12ی ئەم مانگە.

جێفری كۆكس، داواكاری گشتی بە كەناڵی بی بی سی راگەیاندوە، ئەگەر دانوستانەكانی نێوان هەردو حزبی پارێزگاران و كرێكان شكستبهێنێت ئەوا پێشبینی دەكرێت وادەی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا بۆ ماوەیەكی "درێژ" دوابخرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×