داوایەكی ئاكەپە بۆ هەڵوەشاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەئەستەنبوڵ رەتكرایەوە
  2019-04-05       698       

پارتی دادو گەشەپێدان(ئاكەپە) داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی بازنەیەكی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵی كرد بەڵام لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵەوە داواكەی رەتكرایەوە.

ئاوێنە: رۆژی یەكشەممەی رابردو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بەڕێوەچو كە بەپێی ئەنجامە بەراییەكان تێیدا پارتی گەلی كۆماری جەهەپە توانی هەردو گەورە شارەوانی ئەنكەرەو ئەستەنبوڵ لەژێر دەستی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار دەربهێنێت.

پارتی دادو گەشەپێدان تانەی لە هەڵبژاردنەكان لەئەنكەرەو ئەستەنبوڵ داو رۆژی چوارشەممەش لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا بە ژماردنەوەی دەنگەكانی چەند بازنایەكی هەڵبژاردن لەئەستەنبوڵ.

دوێنێ پێنجشەممە ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، كاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ رایگەیاند لەگەڵ ئەوەی بەشێكی دەنگەكان ژمێردراونەتەوە بەڵام هێشتا هەر خۆی لەپێشەوەیە.

ئەمڕۆش خەبەر تورك بڵاویكردەوە، پارتی دادو گەشەپێدان داوای كردوە كە هەڵبژاردنی شارەوانی لەسەرتاسەری ئەستەنبوڵ هەڵبوەشێتەوە بەڵام بەرپرسێكی پارتەكە رەتیكردۆتەوە پرسەكە بەو جۆرە بێت.

رۆهات هاسبایرەم، بەرپرس لە پارتی دادو گەشەپێدان هەر ئەمڕۆ بە رۆیتەرزی راگەیاند حزبەكەی داوایەكی پێشكەش كردبو تەنها بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدان لەناوچەی بیوكچەكمەچە-ی ئەستەنبوڵ نەك لەسەرتاسەری ئەستەنبوڵ بەڵام لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵەوە داواكە رەتكراوەتەوە.

بەپێی قسەی رۆهات، حزبەكەی ئەو داواكارییەی دەباتە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لەئەنكەرە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×