هۆشیار زێباری: تا کۆتایی ئەم مانگە پێکهێنانی حكومه‌ت تەواو دەبێت
  2019-04-05       840       
هۆشیار زێباری رایدەگەیەنێت كه‌ هیوایان هەیە تا کۆتایی ئەم مانگە پێکهێنانی کابینەی نۆ تەواو بێت، به‌وته‌ی‌ ئه‌و،  رەوشی هەرێم لەهەمو رویەکەوە بەرەو باشتر دەڕوات بەتایبەتیش پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا.

ئاوێنه‌: هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاندووه‌، گەشبینن بەوەی تا کۆتایی مانگی چوار پێکهێنانی کابینەی نۆ تەواو دەبێت لەنێوان پارتی‌و یەکێتی‌و گۆڕاندا.

ناوبراو دەڵێت، "لەدەستپێکی ئەم پرۆسەی دانوستاندنە جەختمان کردەوە لەوەی دەمانەوێت پێکەوە ئەم حکومەتە پێکبهێنین‌و رێز لەئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش بگیرێت".

وتیشی، پرۆسەکە زۆری خایاند، بەڵام لەئەنجامدا بەهاوکاری پارتی‌و یەکێتی لەگەڵ پشودرێژییەکی زۆری پارتیدا گەیشتوینەتە رێککەوتن، پڕۆسەکەش لە رێگەی پەرلەمانەوە دەستپێدەکات.

به‌بۆچونی‌ هۆشیار زێباری، دۆخی هەرێم لەهەمو رویەکەوە بەرەو باشتر دەڕوات بەتایبەت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغداو هەرێم‌و وڵاتانی دەوروبەر، "هەروەها موچەی خەڵک‌و نەمانی پاشەکەوت، بودجە دێت‌و رەوشی ئاسایشی باشە، جموجۆڵێکی باشتری ئابوری هەیە".

هوشیار زێباری ئاماژەش بەوە دەکات، ئەو لایەنانەی کە بەشدار نابن لەپێکهێنانی حکومەتدا دەتوانن ببنە ئۆپزسیۆنێکی ئەرێنی.

ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌رو كه‌ لای پارتی دیموکراتی کوردستان ئۆپۆزسیۆنی ئەرێنی بەمانای ئەوە دێت کە ڕۆڵی خۆیان ببینن‌و چاودێری حکومەت بکەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×