رۆیتەرز: ئەمریكا سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە
  2019-04-06       584       

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سێ بەرپرسی ئەمریكییەوە بڵاویكردۆتەوە كە چاوەڕوان دەكرێت ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا  سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە كە ئەوەش بۆ یەكەمجار دەبێت واشنتۆن بەڕەسمی سوپای وڵاتێكی دیكە وەك گروپی تیرۆریستی پۆلێن بكات.

ئاوێنە: ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا بە ئاژانسەكەیان راگەیاندوە كە چاوەڕوان دەكرێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رۆژی دوشەممە ئەو بڕیارە رابگەیەنێت.

ئاژانسەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، رەخنەگران باسیان لەوە كردوە كە بڕیارێكی لەو جۆرە وا دەكات ئەو وڵاتانەی دۆستی ئەمریكا نین بڕیاری هاوشێوە دژ بە بەرپرسانی هێزە ئەمریكییەكان و سی ئای ئەی بگرنەبەر.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئامادە نەبوە هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدات و بەو پاساوەی پرسەكە پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوە هەیە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەو كۆشكی سپی-ش ئامادەنەبون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.

رۆیتەرز نوسیویەتی كە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی لەم گۆڕانكارییە لەسیاسەتی ئەمریكادا كردوە بەوپێیەی بەشێكە لە هەڵوێستی توندی ئیدارەكەی ترامپ بەرامبەر بە ئێران.

بڕیارەكە چەند رۆژێك بەر لە تێپەڕینی ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی ترامپ-دا دێت بۆ كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران كە سەپاندنەوەی سزاكانی بەسەر ئێراندا بەدوای خۆیدا هێنا.

بۆ یەكەمجار رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ، باسی لەوە كردوە كە ئیدارەی ئەمریكا بە نیازی بڕیارێكی تایبەتە بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

ئەمریكا پێشتر بەهۆی پەیوەندیان بە سوپای پاسدارانەوە دەیان دامەزراوەو كەسایەتی خستۆتە لیستی تیرۆرەوە  بەڵام خودی سوپای پاسدارانی نەخستۆتە لیستەكەوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×