هێزەكانی رزگاری عەفرین كوشتنی 7 چەكدار رادەگەیەنێت
  2019-04-06       1139       

هێزەكانی رزگاری عەفرین، كە لەپێناو رزگاركردنەوەی كانتۆنی عەفرین لەخۆرئاوای كوردستان خەبات دەكەن كوشتنی 7 چەكدار‌و برینداركردنی 6 چەكداری گروپە توندرەوەكانی نزیك لە دەوڵەتی توركیا رادەگەیەنن، هەروەك باس لەوەش دەكات كوژران‌و برینداركردنی ئەو ژمارە چەكدارە لە ئەنجامی 3 چالاكیدا تۆمار كراوە.


ئاوێنە: لەراگەیەنراوێكیدا كە تایبەتە بە ئەنجامدانی 3 چالاكی گەریلایی لەدژی ئەو چەكدارانەی بە پاڵپشتی دەوڵەتی توركیا كانتۆنی عەفرینیان داگیركردوە، هێزەكانی رزگاری عەفرین لەسەر رێگەی نێوان گوندی كیمارێ‌ – بەرادێ‌ لەناوچەی شێراوای عەفرین ئۆتومبێلێكی چەكدارە توندرەوەكان دەكەنە ئامانج‌و تێیدا 3 چەكدار دەكوژن‌و 2 چەكداری دیكەش بریندار دەكەن.


دواتر گروپێكی چەكدار بۆ هەڵگرتنەوەی تەرمی كوژراو و بریندارەكانیان دەگەنە ناوچەكە‌و ئەوانیش دەبنە نێچیری شەڤانانی هێزەكانی رزگاری عەفرین چەكدارێكی توندرەو دەكوژرێت‌و چەكدارێكی دیكەش بریندار دەبێت.


هەروەها شەرڤانان هێرش دەكەنە سەر بارەگایەكی گروپی چەكداری حەمزە كە بە گروپێكی جیهادی نزیك لە دەوڵەتی توركیا لەقەڵەم دەدرێت، لەئەنجامی ئەو چالاكییەی هێزەكانی رزگاری عەفرین 2 چەكداری گروپی حەمزە دەكوژرێن‌و 3 چەكداری دیكەش بریندار دەبن.


لەگوندی تەل مالد لەشارۆچكەی مارعیش لەرێگەی چەكی جۆری نیشان شكێن "قەناس" چەكدارێكی دیكەی نزیك لە دەوڵەتی توركیا دەكوژرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×