پەرلەمانتارێك: پێشينەكان تا دوای مانگی ڕەمەزان لەهاوڵاتیان وەرناگیرێتەوە
  2019-04-09       2073       

به‌وته‌ی‌ ئەندامێكی لیژنەی دارایی‌و ئابوریی پەرلەمانی کوردستان، "پێشينەكانی خانوبەرەو هاوسەرگیریی تا دوای مانگی ڕەمەزان لەهاوڵاتیان وەرناگیرێتەوە.

ئاوێنه‌: لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی‌و ئابوریی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووه‌، "لەکۆبونەی لیژنەی دارایی پەرلەماندا لەسەر وەرگرتنەوەی پێشینەی خانوبەرەو پێشینەی هاوسەرگیریی لەهاوڵاتیان ڕاپۆرتیان پێشکەش بەوەزارەتی دارایی کردووە، وەزیری دارایی بەڵێنی پێداون وەرگرتنەوەی پێشینەکان بۆ ماوەیەک، یاخود بۆ دوای مانگی ڕەمەزان دوا بخرێـت‌و لەهاوڵاتیان وەرناگیرێتەوە تا ڕەوشی دارایی موچەخۆران باشتر بێـت".

وتیشی‌،"لەکاتی وەرگرتنەوەیدا بەباشترین شێوە هەوڵدەدەن هاوڵاتیان زەرەرمەند نەبن، بەڵکو هەردولا سودمەندبن."

له‌باره‌ی‌ گه‌راندنه‌وه‌ی‌ موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی‌ فه‌رمانبه‌رتنه‌وه‌، ناوبراو ده‌ڵێت، "لەکۆبونەوەی لیژنەکەیان لەسەر ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی باسیان لەوەکردووە، لەڕێگای هەژماری بانکییەوە موچە دواکەوتووەکانی فەرمانبەران‌و موچە پاشەکەوتکراوەکان بگەڕێنرێتەوە، واتا مانگانە بڕێک لەو پارەیەی لای حکومەتە بچێتە سەر هەژمارە بانکییەکانی موچەخۆران، بۆ ئەم مەبەستەش لەهەوڵ‌و په‌یوەندیدان بۆ ئەوەی ئەم کارە بۆ هەردولا سودبەخش بێت."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×