رێگای دەرچەی سەرڕێژی بەنداوی دوكان دادەخرێت
  2019-04-10       1519       

قائیمقامیەتی قەزای دوكان لەپێناو سەلامەتی گەشتیاران بڕیاریدا ئەو رێگایەی دەچێتە نزیك دەرچەی سەرڕێژی بەنداوی دوكان دابخات و هێزە ئەمنییەكانی رێوشوێنی پێویستیان گرتوەتەبەر.

ئاوێنه‌: سیروان سەرحەد، قائیمقامی‌ قەزای‌ دوكان  به‌میدیای یه‌كێتی راگەیاند"لەچەند رۆژی رابردودا تێبینیمان كردوە كەسانێك كە دێن بۆ بینینی دیمەنی دەرچەی سەرڕێژی ئاوی بەنداوی دوكان سەركێشیان كردوەو ژیانی خۆیان خستوەتە مەترسییەوەو چونەتە نزیك دەرچەی بێڵ ماوسەكە، وەك لایەنی ئیداری قەزاكە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان كۆمەڵێك رێوشوێنی پێویستمان گرتۆتەبەر."

وتیشی"ئەو رێگایەی دەچێتە دەرچەی بێڵ ماوسەكە گرتومانەو هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس لەو شوێنە دانراون و رێگەنادەن گەشتیاران لەوێوە بچنە نزیك دەرچەی بێڵ ماوسەكە."

قائیمقامی قەزای دوكان، باسی لەوەشكرد بەنیازن لەچەند رۆژی داهاتودا ئەو رێگایەشی گەشتیاران بۆ بینینی ئاوی بەنداوەكەو بەرامبەری دەرچەی بێڵ ماوسەكەیەو شوێنێكی بەرزە پەرژینی بكەن تا گەشتیاران كە بەپێ دەچن بۆ بینینی دیمەنی ئاوی بەنداوەكە نزیك نەبنەوە، ئەوەش لەپێناو سەلامەتی گەشتیاراندایە.

ئەوەشی وت"نوسراوی رەسمیمان بۆ هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی ژینگەو كارەبامان كردوە لای خۆیانەوە رێوشوێنی پێویست لەپێناو سەلامەتی گەشتیاران بگرنەبەر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×