ھۆشیار عەبدوڵا: پارتی بە بەرنامە دەیەوێت یەکێتی بکاتە حزبێکی بنەماڵەیی
  2019-04-10       2693       

هۆشیار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، ناكرێت رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی كاربكاته‌ سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مان و پارتی و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌ك جێگری هه‌بێت. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "پارتی به‌ به‌رنامه‌ ده‌یه‌وێت یه‌كێتی بكاته‌ حزبێكی بنه‌ماڵه‌یی."

ئاوێنه‌: هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌میانی وتوێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌پرسی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند"تاوەکو ئێستا بەڕونی ئەوەمان راگەیاندوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێویستە یەک جێگری هەبێ، لەبەرامبەر ئەمەدا ئەگەر جێگری سەرۆکی ھەرێم یاریدەدەرێکی ھەبێت، دەبێت لە ئێمە بێت و وەزارەتی پێشمەرگەش بەر بزوتنەوەی گۆڕان بکەوێ، چونکە ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کردوەو ناکرێت رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کار بکاتە سەر رێککەوتنەکەی نێوان ئێمە و پارتی و ھەر تێکدانێک لەم رێککەوتنەی نێوانماندا بکرێ، لەسەر ئەوان وا پێویست دەکا دوبارە گوێ بۆ بۆچونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان بگرن."

وتیشی"تا ئێستا وا ھاتوە سەرۆکی ھەرێم یەک جێگری ھەبێ. کاتێک یەکێتی داوای ئەوە دەکات جێگرێکی بۆ کاروباری سەربازی ھەبێ، مەبەستی بە حزبی ھێشتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و دابەشکردنیانە بەسەر یەکەی حەفتا و ھەشتا. بەڵام خاڵێکی گرنگی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی، بابەتی بە نیشتیمانیکردنی ھێزی پێشمەرگەیە و بۆیە ئەمە دەبێتە رێگری لەبەردەم رێککەوتنەکەمان و بەھیواین نەگاتە ئەو ئاستەی لە پەرلەمان بە زۆرینە و کەمینە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام کە بڕیارەکە ھاتە پەرلەمان، قسەی خۆمان دەبێ."

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتوێژه‌كه‌دا هۆشیار عه‌بدوڵا، وتی"لەو پرسانەی لە نێوان ئێمە و پارتی بوەتە کێشە، بابەتی بە بنەماڵەییکردنی حوکمڕانییە، وەک ئەوەی کاک نەوشێروان دەیوت: ئەوان ئازادن چۆن و بە چ مۆدێلێک لە ناو حزبەکانیان ھەڵسوکەوت دەکەن، بەڵام ناتوانن ھەمان مۆدێل بەسەر حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنن."

وتیشی"پارتی بە بەرنامە وادەکات لە ناو یەکێتیشدا ئاڕاستەیەکی بنەماڵەیی دروستببێ و ھەر لەسەر ئەم بنەمایەشە فازڵ میرانی لە ناو ھەمو ئەندام و سەرکردانەی یەکێتی پشتیوانی لە قوباد تاڵەبانی دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە لە ھەڵبژاردنی رابردودا رەخنەی ئەوەی لە قوباد تاڵەبانی دەگرت کە ھیچ رۆڵێکی نەبوە لە دروستبونی سەرۆکی حکومەت و ھەر لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ھەرێمی کوردستانیشدا وتی: قوباد تاڵەبانی نیوەی پارتی و نیوەکەی دیکەی یەکێتییە. ئەو کاتە قوباد تاڵەبانی بەتوندی وەڵامی دایەوە، ئێستایش کە لە سەرەوەختی پێکھێنانی حکومەتە، فازل میرانی ھەمان قسە دەکاتەوەو کەچی قوباد تاڵەبانی خۆی لێ بێدەنگ کردوەو دوریش نییە قسەکەی پێخۆش بوبێ!"

له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه‌ "تۆ خۆت وا دەردەخەی کە زۆر دژی بە بنەماڵەییکردنی حزبی، ئەی پێتوانییە حزبەکەی خۆیشت(گۆڕان) بەدەر نەبێت لەمە؟ هۆشیار عه‌بدوڵا وتی"تا ئەم کاتە، کوڕەکانی کاک نەوشیروان نە سەرۆکی حکومەتن و نە جێگری سەرۆکی حکومەتن نە وەزیرن و خۆیشیان بۆ ھیچ پۆستێکی پەرلەمانی و حکومی کاندید نەکردوە، بەڵام بە گشتی لە ھەرێمی کوردستان بیرۆکەی بە بنەماڵەییکردنی حزب بەشی زۆریشی بە پلانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئارادایە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە کوڕەکانی کاک نەوشێروان لە دەرەوە و ناوەەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دور لە پۆستی حکومی ماونەتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×