داوا لە دایەنگەكان دەكرێت جیاكاری لەنێوان منداڵاندا نەكەن
  2019-04-11       1051       

بەرێوەبەرایەتی گشتی چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی داوا لە دایەنگەكان دەكات جیاكاری لەنێوان منداڵاندا نەكەن، دەشڵێت "هیچ دایەنگەیەك مافی‌ ئەوەی‌ نییە بەپاساوی‌ دواكەوتن لە ژیریی‌، یان دواكەوتن لە قسەكردن، یان هەر هۆكارێكی‌ تر منداڵ وەرنەگرێت".


ئاوێنە: بەشی دایەنگەكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی ئاگاداری دایەنگەكان دەكاتەوە كە نابێت جیاكاری لەنێوان منداڵاندا بكرێت، دەشڵێت "ئەگەر هاتوو دایەنگە كێشەی‌ لەگەڵ منداڵێك هەبوو بەهۆی‌ گرفتێكی‌ تەندروستی‌، جەستەیی‌ یان ژیریی‌ یان دەروونی‌، ئەوە دایەنگە مافی‌ ئەوەی‌ نییە تاك لایەنە ئەو منداڵە مۆڵەت بدات و رێگەی‌ پێ نەدات لەدایەنگەكەی‌ بمێنێتەوە، بەڵكو دەبێت لەڕێگەی‌ دایك و باوكی‌ منداڵەوە بەڕیوەبەرایەتی‌ گشتیمان ئاگاداربكاتەوە تا بەڕەسمی‌ ئاڕاستەی‌ لیژنەی‌ تایبەتمەند بكرێت بۆ دەستنیشانكردنی‌ كێشە تەندروستیەكەی‌، دوا بڕیاریش لای‌ ئەو لیژنە پزیشكییە پسپۆڕە دەبێت بەنوسراوی‌ رەسمی‌ بەرێوەبەرایەتی‌ گشتیمان".



 راشیدەگەیەنێت خزمەتگوزاری‌ دایەنگە بۆ هەمو منداڵێكە بەبێ جیاوازی‌ ئاینی‌ و نەتەوەیی‌ و رەگەزیی‌، هەروەها بەبێ جیاوازی‌ ئەوەی‌ خێزانەكەی‌ لە چ فەرمانگەیەك كاردەكات و چ جۆرە پیشەیەكی‌ هەیەو سەر بە چ چینێكی‌ كۆمەڵگەیە؟ هەربۆیە هیچ دایەنگەیەك مافی‌ ئەوەی‌ نییە دەرگا بەڕوی‌ هیچ منداڵێكدا دابخات لەسەر هیچ بنەمایەك.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×