داود ئۆغلۆ: ده‌مانتوانی‌ هه‌ولێر تێكبشكێنین، به‌ڵام نه‌مانكرد
  2019-04-11       3527       

   ئا: هاوكار حسێن

ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئێستای‌ توركیا، 4 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر په‌یمانی‌ به‌ئه‌مه‌ریكییه‌كان داوه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم رازیبێت به‌هاوكاریكردنی‌ بۆ لاوازكردنی‌ په‌كه‌كه‌، ئه‌وا ئه‌نقه‌ره‌ 10 به‌رامبه‌ر پاداشتی‌ هه‌ولێر ده‌داته‌وه‌، باسی‌ له‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ له‌توانایاندا بوه‌ له‌سه‌ر قسه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ توركیا هه‌ولێر تێكبشكێنن، به‌ڵام ئه‌و كاره‌یان نه‌كردوه‌. 

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ پێگه‌ی‌ ره‌سمیی‌ ویكیلیكس، كه‌ ئاوێنه‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردیی‌، ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پێشوی‌ توركیا له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌به‌رپرسانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌توركیای‌ راگه‌یاندوه‌، "په‌رله‌مانی‌ توركیا داوایكردبو كرده‌ی‌ سه‌ربازیی‌ له‌دژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌نجامبدرێت، ئێمه‌ش ده‌مانتوانی‌ هه‌ولێر تێكبشكێنین، به‌ڵام نه‌مانكرد. له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم په‌ره‌پێدا".
له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2010 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، داود ئۆغلۆ په‌یمانی به‌ئه‌مه‌ریكییه‌كان داوه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم یارمه‌تی‌ توركیا بدات، ئێمه‌ 10 به‌رامبه‌ر پاداشتیان ده‌ده‌ینه‌وه‌".
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا باس له‌خاڵی‌ وه‌رچه‌رخان كراوه‌ له‌هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌، ئه‌ویش دوای‌ هێرشه‌كه‌ی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2007ی‌ په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی‌ توركیا كه‌ دوابه‌دوای‌ ئه‌و په‌لاماره‌، "حكومه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیكرد به‌دابینكردنی‌ پشتیوانیی‌ هه‌واڵگریی‌، چاودێریی‌‌و پشكنین بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌ له‌باكوری‌ عێراق". 
هه‌روه‌ها داود ئۆغلۆ ئاماژه‌ی‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی‌ ئیجابییانه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ كردوه‌ بۆ پشتیوانیكردنی‌ توركیا له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌، كاتێك هه‌ردولا له‌كۆتایی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2010 له‌هه‌ولێر كۆبونه‌ته‌وه‌. ئۆغڵو داوای‌ له‌ئه‌مه‌ریكا كردوه‌ گوشاری‌ زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر بارزانی‌‌و وتی‌، "هه‌رێمی‌ كوردستان پێویستی به‌وه‌یه‌ له‌ئێوه‌ بیبیستن". 
له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی‌ باڵای‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنی‌ هاوكارییان به‌توركیا داوه‌و رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ "له‌رێگه‌ی‌ حكومه‌تێكی‌ عێراقیی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌توانین كارتان له‌گه‌ڵ بكه‌ین بۆ ماوه‌ی‌ 2 ساڵی‌ داهاتو بۆ لاوازكردنی‌ په‌كه‌كه‌".


ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:
ئای‌ دی‌: 10ANKARA268
بابه‌ت: كۆبونه‌وه‌ی‌ جه‌نه‌راڵ ئۆدێرنۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌توركیا
به‌روار: 17ی‌ شوباتی‌ 2010
پۆلێن: نهێنی‌


پوخته‌:
له‌میانی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ 4ی‌ شوباتی‌ 2010، له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ رایمۆند ئۆدێرنۆ، فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ له‌عێراق، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا، ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی‌ به‌شیر ئه‌ته‌ڵای‌، وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ توركیا كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جیادا رۆژی‌ پێشتر باسی‌ لێوه‌كردبو سه‌باره‌ت به‌كاركردنی‌ هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ له‌عێراق له‌گه‌ڵ توركیا بۆ دانانی‌ "پلانێكی‌ كاری‌ هاوبه‌ش" به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌هه‌رێمی‌ كوردستان. داود ئۆغلۆ هه‌ماهه‌نگیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بۆ په‌ره‌دان به‌م په‌لانه‌ به‌گرنگ وه‌سفكرد. ناوبراو داوای‌ هاتنه‌ سه‌ر خه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ كرد له‌گه‌ڵ بارزانی‌ بۆ دڵنیایی‌ سه‌رخستنی‌ هاوكارییه‌كانی‌ له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌. ئۆدێرنۆ وتی‌، په‌كه‌كه‌ به‌ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌ نیه‌ بۆ توركیا، به‌ڵكو مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی‌ له‌ناو خودی‌ عێراقیشدا. باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ ده‌یه‌وێت توانای‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رزبكاته‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی‌ توركیا له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌. هه‌روه‌ها هانی‌ ئه‌و پلانه‌ هاوبه‌شه‌ی‌ توركیا‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ دا بۆ بڕینی‌ سه‌رچاوه‌ دارایی‌‌و لۆجستیه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌‌و كاركردن بۆ ده‌ركردنی‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن له‌دژی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ كه‌ ده‌شێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراقه‌وه‌ ده‌ربكرێت. 
له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌رۆژی‌ 4ی‌ شوبات، له‌وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیادا له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ رایمۆند ئۆدێرنۆ، فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ له‌عێراق، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا، ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی‌ به‌شیر ئه‌ته‌ڵای‌، وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ توركیا كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ پێشتردا باسی‌ لێوه‌كردبو سه‌باره‌ت به‌كاركردنی‌ هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ له‌عێراق له‌گه‌ڵ توركیا بۆ دانانی‌ "پلانێكی‌ كاری‌ هاوبه‌ش" به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌باكوری‌ عێراق (هه‌رێمی‌ كوردستان). داود ئۆغلۆ ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر بایه‌خی‌ هاریكاریی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كرده‌وه‌ بۆ پێشخستنی‌ پلانی‌ كاره‌كه‌. ئه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی‌ ئیجابییانه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ كرد بۆ داواكاری داود ئۆغلۆ به‌مه‌به‌ستی‌ پشتیوانیكردنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌، كاتێك هه‌ردولا له‌كۆتایی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2010 له‌هه‌ولێر كۆبونه‌ته‌وه‌. ئۆغڵو وتی‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێویستی‌ به‌هاندانی‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاره‌ دروسته‌كه‌ بكات: "ئه‌وان پێویستیان به‌وه‌یه‌ له‌ئێوه‌ بیبیستن". هاوكات داود ئۆغلۆ په‌یمانی دا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم یارمه‌تی‌ توركیا بدات، "ئێمه‌ 10 به‌رامبه‌ر پاداشتیان ده‌ده‌ینه‌وه‌". 
داود ئۆغلۆ عێراقی‌ به‌وه‌ وه‌سفكرد كه‌ "مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ وجودیه‌ به‌لای‌ توركیاوه‌"، ئه‌وه‌ش نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ بوه‌ته‌ په‌ناگه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر توركیا، به‌ڵكو "له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ وێنه‌یه‌كی‌ بچوككراوه‌ی‌ ناوچه‌كه‌یه‌" كه‌ توركیاش به‌شێكه‌ لێی‌. ئه‌و زیاتر باسی‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كردو رایگه‌یاند، عێراق چه‌ندین گروپ له‌خۆده‌گرێت وه‌ك شیعه‌، سوننه‌، كورد، توركمان، مه‌سیحی‌‌و پێكهاته‌كانی‌ دیكه‌، پێویستیشه‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتییانه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ یه‌ك ده‌وڵه‌ت‌و نه‌ته‌وه‌دا سه‌ربخرێت. ناوبراو وتیشی‌، "ئه‌و ئه‌زمونه‌ پێویسته‌ كاری بۆ بكرێت، ئه‌گه‌ر شكستیهێنا، ئه‌وا ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی‌ ده‌بێته‌ كاره‌سات بۆ ناوچه‌كه‌". باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ "له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا، ئێمه‌ به‌شداربویه‌كی‌ بنیاتنه‌ر بوین بۆ عێراق". توركیا له‌ساڵی‌ 2007، ئه‌نجومه‌نێكی‌ هاریكاریی‌ ستراتیجیی‌ له‌ئاستی‌ باڵادا له‌گه‌ڵ عێراق دامه‌زراندوه‌. ئه‌ردۆگانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانیش به‌دواداچونی‌ بۆ كرد كاتێك تشرینی‌ رابردو به‌یاوه‌ریی تیمێكی‌ وه‌زاریی‌ سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ كردو 48 یاداشتنامه‌ی‌ لێكتێگه‌یشتن‌و رێككه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقیه‌كان ئیمزاكرد، كه‌ ده‌بنه‌ بنه‌مای‌ قانونی‌ بۆ هاریكاریی‌ دو قۆڵیی‌ له‌گه‌لێك بواردا هه‌ر له‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ تیرۆرو بازرگانیه‌وه‌ تا ده‌گات به‌پرۆژه‌ی‌ ئاودێریی‌‌و كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌. ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ به‌هۆی‌ كاركردنی‌ له‌راده‌به‌ده‌ر بۆ سه‌قامگیریی‌ عێراق، "توركیا سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ سه‌قامگیرییه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا".
داود ئۆغلۆ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ توركیا وه‌ك بنیاتنه‌رێكی‌ سه‌قامگیریی‌، ئامانجه‌كانی‌ بۆ عێراق‌و ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی‌ وێكچون له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكادا. له‌وه‌ش زیاتر، ناوچه‌ جوگرافیه‌كه‌ی‌ توركیا پڕبایه‌خه‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق: "ته‌نها سه‌یری‌ نه‌خشه‌ بكه‌، تا ببینیت كه‌ ئێمه‌ چه‌ند گرنگین". وتیشی‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كۆتایی‌ بهێنین به‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ له‌باكوری‌ عێراقه‌وه‌ له‌سه‌رمانه‌. به‌رله‌وه‌ی‌ ئێوه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن، به‌رپرسیارێتیه‌كی‌ هاوبه‌شه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بنه‌بڕ بكه‌ین.
له‌به‌رامبه‌ردا ئۆدێرنۆ رایگه‌یاند كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌ نیه‌ بۆ سه‌ر توركیا، به‌ڵكو مه‌ترسیشه‌ بۆ سه‌قامگیریی‌ له‌ناوخۆی‌ خودی‌ عێراقیشدا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ به‌بیری‌ داود ئۆغڵو هێنایه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق بۆ دو ساڵی‌ دیكه‌ش درێژه‌ی‌ ده‌بێت له‌دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی‌ هاوپه‌یمانان له‌ 31ی‌ ئابدا. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌شوێنی‌ ئه‌وان حكومه‌تێكی‌ عێراقیی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جێبهێڵین كه‌ هاوبه‌شی‌ ئێوه‌ بن. ئێمه‌ شتگه‌لێكی‌ زۆرمان ماوه‌ بیكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ توانای‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر له‌لایه‌ن به‌غداو هه‌ولێر به‌رزبكه‌ینه‌وه‌. له‌رێگه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌توانین كارتان له‌گه‌ڵ بكه‌ین بۆ ماوه‌ی‌ 2 ساڵی‌ داهاتو بۆ لاوازكردنی‌ په‌كه‌كه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ته‌نیا هێزی‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ ناتوانێت بونی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ له‌باكوری‌ عێراق كۆتایی پێبێنێت. هه‌روه‌ها رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ كرانه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌‌و په‌ره‌پێدانی‌ به‌رنامه‌كانی‌ بوژاندنه‌وه‌ی‌ ئابوریی‌ ناوخۆیی‌‌و سازشكردن له‌هه‌ندێك مافی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ستی‌ جوداخوازیی‌ به‌شێك له‌كوردانی‌ توركیا، هه‌نگاوێكی‌ گرنگ ده‌بێت به‌ئاراسته‌ی‌ ره‌خساندنی‌ ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌روی‌ ئابوریه‌وه‌ ناسودمه‌ندن، ئه‌گه‌رنا ده‌شێت په‌یوه‌ندیی‌ بكه‌ن به‌په‌كه‌كه‌وه‌. ئۆدێرنۆ هانی‌ كاری‌ هاوبه‌شی‌ توركیا‌و هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ دا بۆ بڕینی‌ پشتیوانیه‌ لۆجستی‌‌و مادییه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌‌و ده‌ركردنی‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ كرداریی‌ بۆ سه‌ركرده‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ كه‌ ده‌شێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراقه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت. 
داود ئۆغلۆ ئاماژه‌ی‌ به‌هێرشه‌كه‌ی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2007ی‌ په‌كه‌كه‌ كرد بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی‌ توركیا له‌ناوچه‌ی‌ داگلیچه‌ له‌نزیك سنوری‌ عێراق كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 12 سه‌ربازیی‌ توركیا كوژران‌و 8ی‌ دیكه‌ش به‌دیلگیران، كه‌ ئه‌مه‌شی‌ وه‌ك خاڵێكی‌ وه‌رچه‌رخان له‌هاریكاریی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ توركیا دژی‌ تیرۆریستان وه‌سفكرد. (تێبینی‌: دوابه‌دوای‌ ئه‌و په‌لاماره‌، حكومه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیكرد به‌دابینكردنی‌ پشتیوانیی‌ هه‌واڵگریی‌، چاودێریی‌‌و پشكنین بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌ له‌باكوری‌ عێراق.) ئه‌و وتی‌، ئۆپۆزسیۆنی‌ په‌رله‌مانی‌ توركیا داوایكردبو كرده‌ی‌ سه‌ربازیی‌ له‌دژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌نجامبدرێت، "به‌ڵام ئێمه‌ پێچه‌وانه‌كه‌یمان كرد، ده‌مانتوانی‌ هه‌ولێر تێكبشكێنین، به‌ڵام نه‌مانكرد. له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم په‌ره‌پێدا. داود ئۆغلۆ وتیشی‌، مانگی‌ ئابی‌ رابردو، ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ توركیا زانیویه‌تی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هاریكاریی‌ نوێنه‌رانی‌ ئه‌وروپای‌ په‌كه‌كه‌یان كردوه‌ له‌رێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قه‌ندیل به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداربون له‌كۆنگره‌ی‌ په‌كه‌كه‌دا. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ "فشاره‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر بارزانی‌ ده‌توانێت وایلێبكات ئه‌مجۆره‌ چالاكییانه‌ بوه‌ستێنێت، پێده‌چێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم شه‌ڕی‌ په‌كه‌كه‌ نه‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌ستتێوه‌ردانی‌ ئێوه‌ ده‌توانێت وایانلێبكات پشتیوانییه‌ نایاساییه‌كانیان بۆ تیرۆریستان بوه‌ستێنێت".
له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ ئۆدێرنۆ سوپاسی‌ هاوكارییه‌ لۆجستیه‌كانی‌ توركیای‌ كرد بۆ هێزه‌كانی‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ له‌عێراق. هه‌روه‌ها خواستی‌ خۆیشی‌ نیشاندا بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ توركیا له‌رێگه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانیه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ هاریكاریی‌ كارا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ به‌غدا له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×