هێڵی ئاسمانی عێراق رەتیدەكاتەوە فڕۆكەیەكیان لەكاتی نیشتنەوە لەفڕۆكەخانەی هەولێر توشی كێشە بوبێت
  2019-04-12       1553       

هێڵی ئاسمانی عێراقی هەواڵی دروستبونی كێشەی تەكنیكی بۆ یەكێك لە فڕۆكەكانی لەكاتی هەوڵی نیشتنەوەیدا لەفڕۆكەخانەی هەولێر رەتدەكاتەوە.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە هەندێك لەمیدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردەوە كە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عێراق كە لە بەغداوە بە 144 سەرنشینەوە بەرەو هەولێر هاتوە لەكاتی هەوڵی نیشتنەوەیدا لە فرۆكەخانەی هەولێر توشی كێشەی هونەری بوەو دوای سەعاتێك لە سوڕانەوەی بەئاسمانی هەولێردا توانیویەتی بنیشێتەوە، بەڵام هێڵی ئاسمانی عێراق ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.

هێڵی ئاسمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لەڕونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند، هەندێك لە راگەیاندن و لاپەڕەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵێكیان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عێراق كە 144 سەرنشینی هەڵگرتوەو لە بەغداوە بەرەو هەولێر فڕیوە بۆ ماوەی یەك سەعاتی تەواو لەئاسماندا ماوەتەوەو كاپتنی فڕۆكەكە نەیتوانیوە سەركەوتو بێت لە نیشتنەوەیدا بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوەو دوای چارەسەركردنی كێشەكە، ئینجا فڕۆكەكە نیشتۆتەوەو رزگاری بوە لە كەوتنەخوارەوە.

هێڵی ئاسمانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە هیچ فڕۆكەیەكی هێڵەكەیان روبەڕوی روداوێكی لەوجۆرە یاخود هیچ روداوێكی دیكە نەبۆتەوە، بەڵكو سەرجەم فڕۆكەكانیان بەپارێزراوی لەتەواوی گەشتەكانیاندا نیشتونەتەوە.

لەكۆتاییشدا هیوای خواستوە راگەیاندنەكان دوربكەونەوە لەبڵاوكردنەوەو بەكارهێنانی ئەو جۆرە روداوانە "لەپێناو زیادكردنی بینەردا لەسەر حسابی ترساندن و دروستكردنی دڵەڕاوكێ لای خەڵك."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×