كۆڵبەرێكی كورد بەتەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژرا
  2019-04-13       707       

رێكخراوێك ئاشكرایدەكات كە رۆژی چوارشەممەی رابردو كۆڵبەرێكی لاوی خەڵكی شاری "خۆی" رۆژهەڵاتی كوردستان بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراوە.

ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، كە چاودێری رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە رۆژی چوارشەممەی رابردو، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری خۆی بە ناوی ”بەهرۆز چەتۆزادە“ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەهرۆز چەتۆزادە خەڵکی گوندی ”تورە“ی سەر بە ناحیەی "ئەلەند"ی شاری "خۆی" بوە کە بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ تەقەی لێکراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەك سالدا (٢٠ مارسی ٢٠١٨ هەتا ٢٠ی مارسی ٢٠١٩)، لانیکەم ٢٥٥ کۆڵبەری کورد لە سنورەکانی کوردستان بونەتە قوربانی کە لەو ژمارەیە ٧٥ کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە و ١٨٠ کۆڵبەریش بریندار بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×