پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵی دەكات
  2019-04-13       421       

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك بكات لەنێویاندا پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی، بەڵام كۆبونەوەكە تەواوكردنی كابینەی حكومەتی عێراق لەخۆناگرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبونەوەكە دەست پێدەكات.

كارنامەی دانیشتنەكە شەش بڕگە لەخۆدەگرێت كە لەپێنج بڕگەی یەكەمدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێنج پڕۆژە یاسا دەكرێت و لە بڕگەی شەشەمیشدا گفتوگۆ لەسەر یاسای دەستبەسەرداگرتنی داراییە گوازراوەو نەگوازراوەكانی رژێمی پێشو دەكرێت.

چوار لەو پڕۆژە یاسایانەی خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ دەكرێت پێكهاتون لە: پڕۆژە یاساكانی گەیاندن و زانیاریی، دادگای باڵای فیدراڵی، دەستەی پیشەسازیی جەنگ، هەمواری دوەمی یاسای سەندیكای جیۆلۆجیكاران.

لەكاتێكدا كە لایەنە ناكۆكەكانی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكەن كە نزیكبونەوە هەیە بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی نێو حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵام كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دیسان دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكومەتەكە لەخۆناگرێت.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×