"وەزیری بازرگانی عێراق: چاوەڕێی ره‌زامه‌ندی عادل عەبدولمەهدین بۆ خەرجکردنی پارەی جوتیارانی هەرێم"
  2019-04-14       1004       

به‌پێی قسه‌ی پارێزه‌رێكی خۆبه‌خشی كه‌یسی داكۆكی له‌جوتیارانی هه‌رێم، وەزیری بازرگانی عێراق رایگه‌یاندوه‌، چاوەڕوانی رەزامەندی سەرۆک وەزیرانن بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

ئاوێنه‌: بۆ بەدواداچونی زیاتر لەسەر خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران، ئەمڕۆ یەکشەممە مام فارس حسێن، سەرۆکی رێکخراوی جوتیارانی سەردەم بە هاوڕێیەتی بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخش بۆ داکۆکی لە مافی جوتیارانی هەرێم، لە شاری بەغدا سەردانی محەمەد هاشم، وەزیری بازرگانی عێراقیان کرد.

پارێزەر بەشدار حەسەن بەمیدیای گۆڕانی راگەیاند"ئامانجی سەردانەکە بۆ بەدواداچونی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بوە، وەزیری بازرگانی پێیڕاگەیاندوین؛ لەگەڵ ئەوەی ئەو دۆسیەیە لە دادگای تەمیز یەکلایی نەبوەتەوە، بەڵام لە رۆژی (27/12/2018) نوسراوێکی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ناردوە، داوای بڕی (77) ملیار دیناریان کردوە و لەگەڵ ئەو (499) ملیار دیناره‌ی کە لەبەردەستی وەزارەتدایە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم، بەڵام پێویستیان بە رەزامەندی و واژۆی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانە تا فەرمان بکات ئەو بڕە پارەیە رەوانە بکرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەیان بۆ بەدواداچونی ئەو رێککەوتنەی نێوان بەغدا و بەرپرسانی هەرێم بوە بۆ وەرگرتنی بڕی (340) هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم بۆ ئەمساڵ.

به‌پێی قسه‌ی ئه‌و پارێزه‌ره‌ وەزیری بازرگانی جەختی کروەتەوە کە هەوڵدەدەن رێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەو کێشەیە بەجۆرێک رەچاوی زیاد بونی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×