هۆشیار عەبدوڵا: مایەی شەرمێكی گه‌وره‌یه‌ ناوچەکانی ئەنفال لەسەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەشن
  2019-04-14       1123       

هۆشیار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، مایه‌ی شه‌رمێكی گه‌وره‌یه كه‌ تا ئەم ساتەوەختە کەسوکاری ئەنفال بەهۆی هەژاریی و نەبونییەوە گرفتارن و سادەترین خزمەتگوزارییەکانی ژیان لەو ناوچەیەی کە قوربانییەکی زۆری پێشکەشی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی کردوە، نەهاتوەتەدی.

ئاوێنه‌: هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ساڵیادی تاوانی ئه‌نفالدا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند"تائێستا بە جدیەتێکی زۆرەوه‌و بە قەد گەورەیی تاوانی ئەنفال، لەسەر ئاستی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداریی و ئاوەدانکردنەوە هەڵویستێکی جدی نە لەلایەن حکومەتی ئیتیحادییەوە نە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەرامبەر کەسوکاریان، بەرامبەر ئەو ناوچانەی کە ئەنفالیان تێدا ئەنجامدراوە نەکراوە."

وتیشی"بەداخەوە زیاتر لە (30) ساڵ تێپەڕدەبێت هێشتا ئەو زامە، زامێکی بەسوێیە، هێشتا کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و ناوچەکانیان بۆ سادەترین ماف پەرێشانن، تا ئەم ساتەوەختە کەسوکاری ئەنفال بەهۆی هەژاریی و نەبونییەوە گرفتارن، سادەترین خزمەتگوزارییەکانی ژیان لەو ناوچەیەی کە قوربانییەکی زۆری پێشکەشی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی کردوە نەهاتوەتەدی."

راشیگەیاند"لە راستیدا مایەکی شەرمێکی گەورەشە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و ناوەندوە لایان لەم کەیسە نەکردوەتەوە، کە پێویست بو لەسەر ئاستی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئیداریی لەهەمو ئەو ناوچانە ناوچەی ئەنفال و کەسوکارەکانیانن لە پێشەنگی بایەخداندا بن، نەک پەراوێزبخرێن."

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد"لەکاتێکدا ئیدانەی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەکەین، لەهەمانکاتدا بە رەخنەیەکی توند داوا لە هەردو حکومەت دەکەین کە قەبارەی ئەنفال لە تێکڕای ئاستەکاندا بەرجەستە بکرێت و ئاوڕی جدیی لە کەسوکاریان بدرێتەوە، چونکە مایەی شەرمێکی گەورەیە کە پاش تێپەڕبونی زیاتر له‌ (30) ساڵ کاتێک سەردانی ئەو ناوچانە دەکەیت هەست دەکەیت کە مەحرومن لە سەرەتاییترین ماف."

هیوای خواست؛ ئەمساڵ سەرەتای گرنگی پێدانێکی نوێ بێت، بۆ هەمو ئەو تاوان و کارەساتانەی کە لە سەردەی رژێمی روخاوی بەعس بەرامبەر مرۆڤی کوردستان و عێراق کراون، پێویست بو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەردو حکومەتی هەرێم و ناوەند یادەکە بکرێتەوە، نەک تەنها رۆژێک یاد بکرێتەوە و بخرێتە ناو لاپەڕەکانی لەبیرچونەوەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×