عێزه‌ت دوری‌.. پیاوی هه‌مو وه‌رزه‌کان
  2019-04-14       1984       

ئا: ئاوێنە

 

دوای‌ ١٦ ساڵ‌ له‌هه‌ڵاتن‌و خۆحه‌شاردان‌و راگەیاندنی کوژرانی لەلایەن چه‌كداره‌ شیعه‌كانەوە، "عێزه‌ت دوری‌" سه‌ركرده‌ی‌ ناوداری‌ به‌عسییه‌كانیان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی بەعسەوە پەیامێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە.

دوری‌ له‌رۆژگاری‌ حوكمڕانی‌ به‌عسیه‌كاندا وه‌ك ده‌سته‌ڕاستی‌ سه‌دام‌و مشته‌كۆڵه‌ی‌ ئاسنینی‌ به‌عس ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كرا، ئه‌مه‌ریكیه‌كانیش پاش داگیركردنی‌ عێراق 10 ملیۆن دۆلاریان كردبۆوه‌ پاداشت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ هاوكاریان ده‌كات له‌ده‌ستگیركردن‌و كوشتنیدا، به‌پێی رۆژنامه‌ی ته‌له‌گرافی به‌ریتانی هه‌وڵدانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆ ده‌ستگیركردنی عێزه‌ت دوری‌ هیچی له‌هه‌وڵدانیان بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌دام حسێن كه‌متر نه‌بو، چونكه‌ پیاوێكی‌ مه‌ترسیدار‌و شه‌ڕه‌نگێز بو.

"دوری‌" ساڵی 1942 له‌گوندێكی‌ ناحیه‌ی‌ ئه‌لدوری‌ سه‌ر به‌تكریت له‌دایكبوه‌، هه‌مان ئه‌و گونده‌ی كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر "سه‌دام حسێن"ی له‌چاڵێكدا تێدا ده‌ستگیركرا. باب‌و باپیرانی‌ عێزه‌ت زۆر هه‌ژار‌و ده‌ستكورت بون، ئه‌و هه‌رزه‌كار بو كه‌ بابی‌ له‌ئه‌لدوره‌وه‌ ماڵی‌ گواسته‌وه‌ بۆ به‌غدا تا هاوینان به‌هۆی گڕه‌و گه‌رماوه‌ سه‌هۆڵی زیاتر له‌پایته‌خت بفرۆشن. 

عێزه‌ت دوری‌ به‌ر له‌كوده‌تای ته‌موزی‌ 1968، سه‌دام حسێن ده‌ناسێت‌و هاوكاری‌ ده‌كات له‌چه‌سپاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عسیه‌كاندا، ئه‌م‌و سه‌دام سه‌ر به‌ناوچه‌و خێڵێك بون، عێزه‌ت پێنج ساڵ‌ له‌سه‌دام حسێن منداڵتر بو، دڵسۆزی‌ بێ‌ ئه‌ندازه‌ی‌ ئه‌م بۆ سه‌دام حسێن، هه‌ردوكیانی‌ كرد به‌هاوڕێی‌ نزیك‌و گیانی‌ به‌گیانی‌ یه‌ك، له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌یه‌ی‌ 1970ه‌وه‌ تا ساته‌وه‌ختی‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس، عێزه‌ت دوری‌ یه‌كێك بو له‌ئه‌ندامانی‌ بازنه‌ داخراوو هه‌ره‌ نزیكه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن.
عێزه‌ت دوری‌ له‌ده‌یه‌ی‌ حه‌فتای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا، پۆسته‌كانی‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌‌و وه‌زاره‌تی‌ پیشه‌سازی حكومه‌تی‌ عێراقی‌ پێسپێردراوه‌و له‌ده‌یه‌ی‌ هه‌شتادا بوه‌ته‌ جێگری سه‌دام حسێنی‌ "فه‌رمانده‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش"ی‌ حیزبی‌ به‌عس.

ساڵی‌ 1991، رۆڵی‌ كارای‌ له‌سه‌ركوتكردن‌و دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕش‌و راپه‌ڕینی شیعه‌كانی باشوری عێراقدا گێڕاو به‌دوای‌ ئه‌وه‌شدا سه‌ركردایه‌تی‌ كه‌مپینی‌ "ئیمانی‌" كرد، كه‌ زیاتر حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ به‌ره‌و بره‌ودان به‌ئیسلامی‌ "سوننه‌گه‌رایی‌" بردو هه‌ر له‌ئه‌نجامی‌ كاریگه‌ریی‌ ئه‌م كه‌مپینه‌شدا بو كه‌ دروشمی "الله‌ اكبر" خرایه‌ سه‌ر ئاڵای عێراق. دوری‌ له‌ده‌یه‌ی‌ 1980ه‌وه‌ به‌وه‌ ناسرا بو كه‌ به‌ینی‌ له‌گه‌ڵ‌ ته‌ریقه‌تی‌ سۆفیگه‌ری‌‌و هاتوچۆكردنی‌ ته‌كیه‌و خانه‌قاكاندا گه‌رمه‌.

دوای‌ داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌2003دا، عێزه‌ت دوری‌ یه‌كێك بو له‌چالاكترین ئه‌و به‌عسیانه‌ی‌ كه‌وته‌ رێكخستنی‌ ئه‌ندامانی‌ پێشوی‌ حیزبی‌ به‌عس‌و سوننه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراق‌و هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا. ئه‌و كه‌ به‌ڕیش‌و سمێڵه‌ زه‌ردباوو سورفلییه‌كه‌ی‌ كه‌سێكی‌ دیارو ناسراوو ئاسه‌واری قه‌ساوه‌تی رۆژگاری‌ منداڵی‌‌و هه‌رزه‌كاریی‌ به‌سه‌رو سیمایه‌وه‌ دیار بو، زۆربه‌ی‌ كاتی‌ به‌نهێنی له‌ناوچه‌ بیابانیه‌كانی سوریا‌و ده‌وربه‌ری‌ موسڵ‌‌و تكریت به‌سه‌رده‌برد. ساڵی‌ 2006، "سوپای نه‌قشبه‌ندی" دامه‌زراند كه‌ به‌باڵی‌ سه‌ربازی‌ حیزبی‌ به‌عس داده‌نرا. ساڵی‌ 2007، پاش له‌سێداره‌دانی‌ سه‌دام حسێن به‌ئه‌مینداری گشتی حیزبی به‌عس هه‌ڵبژێردرا.

دوری‌ له‌و په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌ی‌ كه‌ ساڵی‌ 2012 به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی حیزبی به‌عسه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌‌و پیرو په‌ككه‌وته‌ ده‌رده‌كه‌وت، رك‌و كینه‌ی به‌رامبه‌ر به‌شیعه‌كان نه‌شارده‌وه‌و خوازیاری‌ ئه‌وه‌بو كه‌ عێراقیه‌كان به‌توندی‌ له‌دژی‌ ئیتیلافی‌ "ئێرانی سه‌فه‌وی" بوه‌ستنه‌وه‌. هه‌وڵ‌‌و كۆششی‌ ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ بو كه‌ به‌عسییه‌كان‌و ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌یه‌كتر نزیك بكاته‌وه‌، به‌پێی‌ ئه‌و زانیارانه‌ی‌ كه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ناوبراو په‌یوه‌ندی نزیكی له‌گه‌ڵ‌ "ئه‌بوبه‌كری به‌غدادی" سه‌ركرده‌ی داعش هه‌بوه‌، هه‌روه‌ها "ئه‌حمه‌د"ی كوڕی رۆڵێكی گرنگ‌و گه‌وره‌ له‌رێكخستنی سوننه‌كان‌و كردنیان به‌گژ حكومه‌تی‌ عێراق‌و هێزه‌ شیعه‌كاندا ده‌گێڕێت.

ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنجه‌، ئه‌م تارماییه‌ كه‌ له‌دنیای دێوه‌زمه‌ی‌ به‌عسه‌وه‌ جاروبار ده‌رده‌كه‌وێت، دو وێنه‌ی‌ مێژویی‌ له‌گه‌ڵ‌ دو روداوی‌ گرنگی‌ كورد‌و هێزه‌ سیاسیه‌كانیدا هه‌یه‌ كه‌ له‌یاده‌وه‌ریدا ناسڕێنه‌وه‌، یه‌كێكیان ئاماده‌ بونیه‌تی‌ له‌رێوره‌سمی‌ ئاهه‌نگی‌ راگه‌یاندنی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ 11ی‌ ئازاری‌ 1970 به‌ئاماده‌بونی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ پارتی‌‌و دوه‌میشیان هاتنیه‌تی‌ بۆ سورداش له‌ساڵی‌ 1983دا به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ دانوستان له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×