ئاسینج، ئیمپراتۆره‌كه‌ی‌ ویكیلیكس‌و شه‌به‌حی‌ نێو داتابه‌یسه‌كان
  2019-04-15       1366       

 ئا: هاوكار حسێن

 

هەفتەی رابردو ولاتی ئیکوادۆر مافی پەنابەریی لەجولیه‌ن ئاسینج دامه‌زرێنەری  ویكیلیكس سەندەوە کە چەند ساڵیکە پەنای بردوەتە بەر باڵوێزخانەی ئەو ولاتە لە لەندەن، دەستبەجێ پۆلیسی بەریتانی چونە ناو باڵیۆزخانه‌کەو ده‌ستگیریان کرد، ئێستا ئزسینج لەزیندانێکی باشوری لەندەندایەو پێشبینی دەکرێ ده‌كرێت‌ رادەستی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بکرێتەوەو دادگایی بکرێت.


جولیه‌ن ئاسینج، گه‌نجێك كه‌ زۆرترین كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر جیهان جێهێشت، پێش چه‌ند ساڵێك هه‌مو ژیری‌ خۆی‌ ته‌رخانكرد بۆ هاككردن‌و دزه‌كردنه‌ ناو داتابه‌یسی‌ زۆرێك له‌رێكخراوه‌ به‌ناوبانگه‌كانه‌وه‌. له‌ساڵی‌ 2006، سه‌ره‌تای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ جولیان بو وه‌ك ئیمپراتۆری‌ پێگه‌یه‌كی‌ ئه‌لكترۆنی‌ به‌ناوی‌ ویكیلیكس، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م وێبسایته‌ كاری‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد زانیاری‌ گرنگ‌و نهێنی‌ له‌سه‌ر ئاستێكی‌ باڵای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بخاته‌ڕو. ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌رێگه‌ی‌ وێب سایته‌كه‌وه‌ خرانه‌ڕو، له‌یه‌ك كاتدا چه‌ندین دۆست‌و دوژمنی‌ به‌هێزی‌ بۆ جولیه‌ن سازاند.



سه‌ره‌تای‌ ژیانی‌ 
ئاسینج كه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك، پڕۆگرامه‌ری‌ كۆمپیوته‌ری‌‌و چالاكوان ناسراوه‌، له‌3ی‌ ته‌مموزی‌ 1971 له‌شاری‌ تاوسڤیلی‌ ئوستورالیا له‌دایكبوه‌، ئاسینج له‌منداڵیدا ژیانێكی‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ ژیاوه‌و به‌رده‌وام له‌هاتوچۆدا بوه‌ له‌گه‌ڵ دایكی‌، كریستن، هاوكات باوه‌پیاره‌ی‌ به‌ناوی‌ برێت ئاسینج كه‌ خه‌ریكی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاری‌ شانۆیی‌ بون. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دایك‌و باوكی‌ په‌یوه‌ندیان به‌ره‌و ئاڵۆزبون ده‌چێت، به‌ڵام ئاسینج به‌ته‌نیشت دایكی ده‌مێنێته‌وه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌گه‌ڕانه‌كانیان، ئه‌م سوڕانه‌وه‌ بێ‌ بڕانه‌وه‌یه‌ی‌ دایكی‌، كاریگه‌ری‌ زۆری‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ هه‌بوه‌و ته‌نانه‌ت تا خوێندنی‌ ته‌واوكردوه‌، 37 قوتابخانه‌ی‌ گۆڕیوه‌.



دامه‌زراندنی‌ ویكیلیكس
ئاسینج هه‌ر له‌ته‌مه‌نی‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ خولیای‌ زۆری‌ بۆ كۆمپیوته‌ر‌و زانستی‌ ته‌كنه‌لۆژیا هه‌بوه‌، بۆیه‌ له‌ته‌مه‌نی‌ 16 ساڵیدا دایكی‌ كۆمپیوته‌رێكی‌ به‌دیاری‌ بۆ ده‌كڕێت‌و هه‌رزو بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ چۆن بتوانێت له‌رێگه‌ی‌ هاككردنه‌وه‌ بچێته‌ ناو كۆمپیوته‌رو سیستمی‌ داتابه‌یسه‌كان. له‌ساڵی‌ 1991 به‌هۆی‌ چونه‌ناو سیستمی‌ سه‌ره‌كی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ناوی‌ نۆرتێل، توشی‌ چه‌ندین گرفت هات. ئه‌و له‌ماوه‌ی‌ ژیانیدا له‌ئوستورالیا زیاتر له‌30 جار روبه‌روی‌ دادگا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌مو جارێك به‌غه‌رامه‌ی‌ مادیی‌ رزگاری‌ بوه‌. 
ئاسینج به‌رده‌وامبوه‌ له‌كاركردن‌و به‌ره‌وپێشبردنی‌ تواناكانی‌ خۆی‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ شاره‌زا له‌بواری‌ پڕۆگرامسازیی‌ كۆمپیوته‌ردا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ خاوه‌نی‌ زیره‌كیه‌كی‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر بوه‌، به‌ڵام بۆ خوێندنی‌ زانستی‌ ماتماتیك ده‌چێته‌ زانكۆی‌ مێلبۆرنی‌ ئوستورالیا‌و به‌رله‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ بكات، زانكۆكه‌ جێده‌هێڵێت كه‌ ده‌وترێت به‌هۆكاری‌ ره‌وشتی‌ وازی‌ هێناوه‌. 
هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ئه‌و دژی‌ هه‌ندێك له‌و هاوپۆلانه‌ی‌ خۆی‌ بوه‌ كه‌ له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ری‌ تایبه‌ت به‌دامه‌زراوه‌ سه‌ربازیه‌كان كاریانكردوه‌، به‌ڵام له‌ساڵی‌ 2006 ده‌ستده‌كات به‌كاركردن بۆ دامه‌زراندنی‌ سایتێك به‌ناوی‌ ویكیلیكس كه‌ وێبسایتێكی‌ تایبه‌تیه‌و كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ نهێنی‌ ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌م سایته‌ له‌ساڵی‌ 2007 له‌سوید ده‌كه‌وێته‌ كار، هۆكاری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌و وڵاته‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌و یاساو رێسا توندوتۆڵانه‌وه‌ هه‌بوه‌ كه‌ له‌و وڵاته‌دا هه‌ن بۆ پاراستنی‌ ناسنامه‌ی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ زانیاری‌‌و كه‌سه‌ نهێنیه‌كان.  
دوای‌ ساڵێك، ئه‌م سایته‌ تازه‌ دامه‌زراوه‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ نهێنی‌‌و زانیاری‌ وردی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكای‌ بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرتوخانه‌ی‌ گوانتانامۆ. هه‌ر هه‌مان ساڵ سایته‌كه‌ چه‌ند ئیمه‌یڵێكی‌ سارا پالین-ی‌ پاڵێوراو بۆ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاتی‌ ئه‌مریكا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 2008دا وه‌ریگرتبو.




تۆمه‌تی‌ سێكسی‌ 
بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و زانیاری‌‌و نهێنیانه‌ بۆ ئاسینج هه‌روا بێسه‌رئێشه‌ تێنه‌په‌ڕی‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و سه‌نگه‌ری‌ له‌"زلهێزێكی‌" وه‌ك ئه‌مریكا گرتبو، بۆیه‌ له‌كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2010، ئاسینج رایگه‌یاند، كه‌ توشی‌ چه‌ندین گرفتی‌ یاسایی‌ بوه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئابی‌ ئه‌و ساڵه‌وه‌ له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ پۆلیسی‌ سویددا بوه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستدرێژیی‌ سێكسی‌ كردوه‌ته‌ سه‌ر ئافره‌تێك. رۆژی‌ 6ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2010، له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ سویده‌وه‌ بڕیاری‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ده‌رده‌چێت، به‌ڵام ئاساینج زو فریای‌ خۆی‌ ده‌كه‌وێت‌و خۆی‌ راده‌ستی‌ پۆلیسی‌ له‌نده‌ن ده‌كات.  

دوای‌ زنجیره‌یه‌ك دانیشتنی‌ دادگا له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2011، بۆ ئه‌وه‌ی‌ تێهه‌ڵچونه‌وه‌ له‌و فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنه‌ بكرێت، له‌كۆتایی‌ هه‌مانساڵدا ئاسینج بۆی‌ ده‌ركه‌وت كه‌ دادگای‌ باڵا داواكارییه‌كه‌ی‌ بۆ تێهه‌ڵچونه‌وه‌ ره‌تكردوه‌ته‌وه‌. ناچار ئه‌و په‌نای‌ بۆ دادگای‌ باڵای‌ به‌ریتانیا برد، به‌ڵام دوای‌ بێئومێدبون ئاساینج له‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ راده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سوید نه‌كرێته‌وه‌، له‌حوزه‌یرانی‌ 2012 په‌ناده‌باته‌ به‌ر باڵیۆزخانه‌ی‌ ئیكوادۆر له‌له‌نده‌ن. دوای‌ به‌سه‌ربردنی‌ نزیكه‌ی‌ دو مانگ له‌و شوێنه‌دا له‌مانگی‌ ئابی‌ 2012، مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ سیاسی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ئیكوادۆره‌وه‌ وه‌رگرت، به‌مپێیه‌ش پۆلیسی‌ له‌نده‌ن نەیدەتوانی ده‌ستگیری‌ بكات هه‌تا ناوبراو له‌و باڵیۆزخانه‌یه‌دا بمێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئیكوادۆرو به‌ریتانیای‌ ئاڵۆزكردو بوه‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ قوڵی‌ حكومه‌تی‌ سویدیش. بەڵام هەفتەی رابردو ولاتی ئیکوادۆر مافی پەنابەریی لەئاسینج سەندەوەو دەستبەجێ پۆلیسی بەریتانی چون له‌ناو باڵیۆزخانه‌ی‌ ئیكوادۆر له‌له‌نده‌ن ده‌ستگیریان کردو ئێستا لەزیندانێکی باشوری لەندەندایەو پێشبینی دەکرێ ده‌كرێت‌ رادەستی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بکرێتەوەو دادگایی بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×