محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: پێمباشه‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم هه‌ر یه‌كه‌یان سێ جێگریان هه‌بێت
  2019-04-17       1730       

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پێی باشه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان یه‌كی سێ جێگریان هه‌بێت و پێشی وایه‌ ئه‌وه‌ "هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كان ناگۆڕێت."

ئاوێنه‌: محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ رێگرییه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌كوردستان و له‌عێراق و ره‌نگه‌ له‌هه‌مو ناوچه‌كه‌ش وا بێت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌ رێككه‌وتن و سازان كارده‌كرێت له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كاندا، ئه‌وه‌نده‌ كاره‌كان له‌ڕیگه‌ی ئاسایی و یاسایی خۆیانه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌درێن.

وتیشی"كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌و ناوچه‌یه‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌كوردستان شوێنه‌واری دوئیداره‌یی و شوێنەواری شەڕی ناوخۆ و یەكتر قبوڵ نەكردن هه‌یه‌، بۆیه‌ ڕەنگە ئاسان نەبێت هێزێك كە تا دوێنێ پەنجا بە پەنجا حوكمی كردوه‌ ئێستا بە نیوەی ئەوە ڕازی بێت ئەمە ڕەنگە یەكێك بێت لە كێشەكان، پارتی و یەكێتی هێزیان هەیەو زۆر جار باسی دو ئیدارەیی ده‌كه‌ن بۆیه‌ دەبێت ئه‌م پرسه‌ بە رێكەوتن یه‌كلایی بكرێته‌وه‌."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"رێكەوتن كاتی خوی پەنجا بە پەنجا بوە بەڵام ئێستا نەخشەی پەرلەمانی كوردستان تێكچوەو گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتوه‌ و ئەو گۆڕانکاریەش قبوڵ ناكرێت، بۆیه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ حزبه‌كان له‌كۆبونه‌وه‌كانیاندا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت زیاتر باسی چی ده‌كه‌ن، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی"باسی وه‌رگرتنی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه‌ك ده‌كرێت تا ده‌گاته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، پێم وانییە باسی بەرنامەو باسی سیستمی وڵات بكرێت، تەنها باسی ئەوە دەكرێت چەندیان دەست دەكەوێت چەندیان بەردەكەوێت."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی پۆسته‌كانی حزبه‌كه‌ی له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا چی ده‌بن، ئه‌و وتی"خوا دەكات ئەوان رێكدەكەون ئێمە هیچمان ناوێت، ئێمە بەڕێوەبەری ناحیەیەكمان هەیە لە بەمۆ خەریكە لایدەبەن و یەك بەڕێوەبەری ناحیەمان پێڕەوا نابینن."

لەبارەی ئەو ناكۆكییەی كە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە وتی"وەكو خوم پێم باشە سەرۆكی هەرێم سێ جێگری هەبێت، سەرۆكی حكومەت سێ جێگری هەبیت و سەرۆكی پەرلەمانیش سیانی هەبێت با پێكهاتەكانی تریش بەشداربن، توركمانە، مەسیحیە، پێم وانییە هیچ لە مەسەلەكان بگۆڕێت چونكە خۆ لە دەستوردا نەنوسراوە هەر دەبێت ئەوەندە بێت و پێم وانیە ئەمە كێشە بێت خۆ ئەگەر سەیری بكەین لە وڵاتان هەر وەزیرێکی دەرەوە ڕەنگە دە دوازدە جێگری هەبێت، بەڵام ڕەنگە بابەتەكان شتی تر بن."

 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×