له‌کاتێکدا په‌یوه‌ندییه‌کانى
نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئاسایى بوه‌ته‌وه، به‌ڵام باره‌گاى هیچکام له حیزبه کوردییه‌کان
بۆ ناوچه جیاجیاکانى پارێزگاى دیاله نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هۆکارى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌شیان
بۆ "داگیرکردن"ى باره‌گاکانیان له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبیه‌وه ده‌گێڕنه‌وه.
ئاوێنه: حیزبه
کوردییه‌کان له‌دواى 16ى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى 2017 ه‌وه، باره‌گاکانیان له ناوچه‌کانى
مه‌نده‌لى، جه‌له‌ولا، قه‌ره‌ته‌په‌و سه‌عدیه چۆڵکردوه، له‌وکاته‌وه حه‌شدى شه‌عبى
ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتون.
یه‌عقوب یوسف،
به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى جه‌له‌ولا، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"نوسراومان
له پارێزگاى دیاله‌وه بۆ هاتوه بۆ رێگرى نه‌کردن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى باره‌گاى حیزبه
کوردییه‌کان، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان ناگه‌ڕێنه‌وه."
حیزبه کوردییه‌کان
هۆکارى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌کانى پارێزگاى دیاله بۆ کۆنترۆڵکردنى باره‌گاکانیان
له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبیه‌وه ده‌گێڕنه‌وه.
ئازاد حه‌مید،
به‌رپرسى ناوچه‌ى مه‌نده‌لى پارتى دیموکراتى کوردستان، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"باره‌گامان
له‌مه‌نده‌لى نه‌کردوه‌ته‌وه، چونکه حه‌شدو پۆلیسى فیدرالى باره‌گاکانیان داگیرکردوین."
وتیشى"هه‌وڵێکى
زۆرماندا بۆ ئه‌وه‌ى باره‌گاکانمان چۆڵ بکه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانمان بێ ئه‌نجام بوه."
زۆربه‌ى ئه‌و باره‌گایانه‌ى
که پێشتر حیزبه کوردییه‌کانى تێدابوه، بیناى سه‌رده‌مى به‌عس بون و دواى ساڵى
2003 حیزبه کوردییه‌کان نۆژه‌نیان کردونه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د عومه‌ر،
به‌رپرسى کۆمیته‌ى قه‌ره‌ته‌په‌ى یه‌کێتى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"هێزى
به‌در باره‌گاکه‌مانى له‌قه‌ره‌ته‌په داگیرکردوه، بۆیه تائێستا نه‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه."
کۆنترۆڵکردنى باره‌گاى
حیزبه کوردییه‌کان له‌لایه‌ن گروپه جیاوازه‌کانى سه‌ربه حه‌شدى شه‌عبیه‌وه ته‌نها
پارێزگاى دیاله‌ى نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵكو پارێزگاکانى تریشى گرتۆته‌وه، به‌تایبه‌ت
بیناى پێشوى مه‌ڵبه‌ندى سه‌ڵاحه‌دین-ى یه‌کێتى كه له‌ئێستادا عه‌سایبی ئه‌هلولحه‌ق
و بیناى لقى که‌رکوکى پارتیش دژه‌تیرۆرى عێراقى تێدایه.